فراکسیۆنی پارتی: پێشبینی دەکەین لە گەڕی دووەمدا لەتیف رەشید دەنگی پێویست بەدەستبهێنێت
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق پێشبینی دەکات لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماردا لە پەرلەمان، لەتیف رەشید دەنگی پێویست بەدەستبهێنێت و ببێتە سەرۆککۆمار.
ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ پێنجشەممە 13-10-2022 رایگەیاند، “پێشبینی دەکەین دکتۆر لەتیف رەشید ببێتە سەرۆککۆمار بەو پێیەی لە گەڕی یەکەمدا دەنگێکی زۆرتری بەدەستهێنا و جیاوازییەکی زۆری دەنگ هەبوو لەنێوان هەردوو بەربژێرەکەدا.”
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق هیوای خواست لەتیف رەشید “وەکو سەرۆککۆمارێک کارەکانی بکات، هاوسەنگی لەنێوان هەموو عێراقییەکان بپارێزێت؛ سەرۆککۆماریش پارێزەری دەستوورە. هیوادارین لەگەڵ سەرۆکایەتییەکانی دیکە پێکەوە هاوئاهەنگییەکی باشی هەبێت بۆ بەرژەوەندیی هەموو عێراقییەکان، بەتایبەتی بۆ ئێمە وەکو کوردستانی.”
سەبارەت بە چاوەڕوانییەکانیان لە لەتیف رەشید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوە کرد، “جەخت لەسەر جێبەجێکردنی دەستوور دەکەینەوە؛ 58 ماددەی دەستوور جێبەجێ نەکراون، لەوانە ماددەی 140، ئەنجوومەنی فیدراڵی، یاسای نەوت و گاز و چەندین ماددەی دیکە. هەروەها سەرۆککۆمار نوێنەرایەتیی کورد دەکات و پێویستە لەو ئاستەشدا بێت.”
ڤیان سەبری دەشڵێت، “حکومەت بە زوویی پێکبهێندرێت، چونکە ئێستا حکومەت کاربەڕێکەرە. ئێمە وەکو ئەنجوومەنی نوێنەران ناتوانین لێپێچینەوە لەگەڵ ئەم حکومەتە بکەین بەو پێیەی کاربەڕێکەرە.”
لە گەڕی یەکەمى هەڵبژاردنى سەرۆککۆماردا لە پەرلەمانى عێراق، لەتیف رەشید 157 دەنگى بەدەستهێنا و بەرهەم ساڵحیش 99 دەنگ.
13ى تشرینى یەکەمى 2022 پەرلەمانى عێراق بۆ هەڵبژاردنى سەرۆککۆمار کۆبووەوە و تێیدا 277 پەرلەمانتار ئامادەبوون.
بەو پێیەى هیچکام لە بەربژێرەکان نەیانتوانى دەنگى دوو لەسەر سێی ژمارەى ئەندامانى پەرلەمان بەدەستبهێنن، هەڵبژاردنى سەرۆککۆمار چووە گەڕی دووەم کە تێیدا هەر بەربژێرێک نیوە کۆ یەکى دەنگدەران بەدەستبهێنێت دەبێتە سەرۆککۆمار.
هەر لە گەڕی یەکەمى دەنگداندا رێبوار ئەوڕەحمان، بەربژێرى فراکسیۆنى نەوەى نوێ 9 دەنگى بەدەستهێنا و 10 پەرلەمانتاریش بە بەتاڵى دەنگیاندا. هەروەها بۆ گەڕی دووەمی هەڵبژاردن فراکسیۆنی نەوەی نوێ کشایەوە.
رووداو