كۆمه‌ڵانى خه‌ڵكى كوردستان
ته‌واوى لایه‌نه سیاسیه‌كان و ده‌زگاكانى ڕاگه‌یاندن و ڕاى گشتى
هه‌موو ده‌زگاو دامه‌زراوه حكومیه‌كان به‌تایبه‌ت هێزه ئه‌منى و هه‌واڵگریه‌كان و هێزى پێشمه‌رگه‌ى كوردستان و خه‌باتگێڕانی شاخ و شار.
هه‌موو لایه‌ك ئاگادارن له زۆربه‌ى هه‌ره زۆرى ده‌ستدرێژى و تاوان و گه‌نده‌ڵى و ره‌شه‌كوژى و ڕه‌شبگیرى و هه‌موو ئه‌و سوكایهتیانهى به دامه‌زراوه‌كانى حكومه‌ت و سه‌روه‌رى یاسا و دامه‌زراوه فه‌رمیه‌كان و په‌رله‌مانتاران و چالاكوانانى سیاسى و مه‌ده‌نى و ڕۆژنامه‌نووسان و سه‌رمایه‌داران و كاسبكارانى كوردستان ده‌كرێت.
ئاگادارن له هه‌ندێك له‌و خروقاته ئه‌منى و پشێوی و بێسه‌روبه‌ریه‌ى كه دواى ده‌سبه‌سه‌را گرتنى ده‌سه‌ڵات و دامه‌زراوه ئه‌منى و سه‌ربازى و هه‌واڵگریه‌كان له‌لایه‌ن ئه‌و تاقمه تیرۆرستیه‌وه له‌زۆنى سه‌وز درووستبووه.
ئاگادارن كه چۆن هێزه ئه‌منى و هه‌واڵگرى و سه‌ربازیه‌كان بۆ سه‌ركوتكردن و تۆقاندن و كوشتن و ده‌ستدرێژى و بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ى ململانێ ناوخۆییه‌كان به‌كارده‌هێنرێن، ته‌نانه‌ت بۆ ده‌ستدرێژى كردنه سه‌ر كادیرانى حیزبى و حكومى و خه‌باتگێڕانى په‌نابه‌ر له‌پارچه‌كانى دیكه‌ى كوردستان
به جۆرێك كه هیچ مانا‌و به‌هایه‌ك بۆ هاونیشتمانیبوون و ئاسایش ، هیچ مانا‌و به‌هایه‌ك بۆ ژیانى مه‌ده‌نى و سیاسى نه‌ماوه‌ته‌وه .
ئه‌م دۆخه میلیشیاییه به جۆرێكه هیچ كه‌س له ماف و سه‌رمایه و ژیانى خۆى دڵنیا نییه و به‌ڕۆژى روناك تاوان و پێشێلكارى گه‌وره به‌رامبه‌ر به‌هه‌موو پێكهاته‌كان و لایه‌نه‌كان و ته‌واوى خه‌ڵكى كوردستان ده‌كرێت .
ده‌زگا هه‌واڵگرى و سه‌ربازیه‌كانى وڵاتانى دراوسێ به‌ئاشكرا ئۆپه‌راسیۆن و هێرش و بۆردومانى خاك و خه‌ڵكى كوردستان ده‌كه‌ن ، بانده‌كانى تاوان و تیرۆر نه‌ك به ئاشكرا به‌ڵكو هاوكاریان ده‌كرێت و ئاسانكاریان بۆ ده‌كرێت و كه‌س له‌پێگه و ده‌سه‌ڵات و ئاسایشى خۆى دڵنیا نییه .
ئه‌م بارودۆخه پڕ له كێشه و نا سه‌قامگیریى و مه‌ترسیه، هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه كێشه‌ى بنه‌ڕه‌تى ئێمه بووه و هۆى سه‌ره‌كى ناكۆكى و ناره‌زایه‌تى و مایه‌ى قبوڵنه‌كردن. خۆشبه‌ختانه بۆ هه‌موو خه‌ڵكی كوردستان و ڕای گشتی ڕوون بوویه‌وه كه كێشه‌ی ئێمه و ئه‌م چه‌تانه چی و له‌سه‌ر چی بوو، هه‌موو ئه‌مه له كاتێكدایه كه دۆخى عێراق و هه‌رێمى كوردستان و ناوچه‌كه‌ش به‌تایبه‌ت ئێران و سوریا له‌به‌رده‌م ئارێشه و گۆڕانكارى گه‌وره‌دان و ئێمه‌ى كورد له‌هه‌ركاتێك زیاتر پێویستمان به یه‌ك ده‌نگى و هاوئاهه‌نگى و بڕیار و سیاسه‌تى یه‌كگرتوو، پاراستنى ئه‌زموون و خاك و خه‌ڵك و ده‌سه‌ڵاتى هه‌رێمى كوردستان و دامه‌زراوه شه‌رعیه‌كان و پاراستنى ژیانى مه‌ده‌نى و سیاسى هه‌یه، پێویستیمان به پاراستنی ناوخۆی كوردستان هه‌یه له‌م هێزه بێ پره‌نسیپ و په‌رته‌وازانه‌ی كه وه‌ك تیرۆریست و میلیشیا به‌ربوونه‌ته گیانی خه‌ڵك و ته‌نانه‌ت فه‌رمانده‌كانی خۆیان.
دواى چه‌ندین كار و كرده‌وه‌ى مافیایى و یاساشكێنى، به‌ڵێ دواى چه‌ندین بڕیارى هه‌ڵه و خۆسه‌پێنانه له‌سه‌ر ئاستى حیزبى و سیاسى و له‌سه‌ر ئاستى حكومه‌ت و دامه‌زراوه هه‌ستیاره‌كانى جێبه‌جێكردن له‌لایه‌ن ئه‌و تاقمه مافیا ئاساوه ، به‌وشێوه زه‌قه‌ى كه له دانپێدانانه‌كاندا بڵاوبوویه‌وه و بینیتان ، به فه‌رمانى سه‌رانى خۆیان هه‌ڵده‌ستن به ئه‌نجامدانى ئه‌و كرده‌وه تیرۆرستیه چه‌په‌ڵه له نێو پایته‌ختى هه‌رێمى كوردستاندا، ئه‌مه‌ش به‌سوود وه‌رگرتن له ناسنامه و ده‌سه‌ڵات و ناوى ئه‌نجومه‌نى ئاسایشى هه‌رێم و ده‌زگاى زانیارى و دژه‌تیرۆر، بۆ ئه‌نجامدانى كرده‌وه‌یه‌كى تیرۆرستى قێزه‌ون ، بۆ شههیدكرنى عهقیدێكى كارامه‌و چالاك و كادرێكى دڵسۆز و لێهاتووى ئه‌نجومه‌نى ئاسایش و ده‌زگاى زانیارى و دژه‌تیرۆر خۆى، كادرێك كه نمونه‌ى دیارى رووبه‌رووبونه‌وه‌ى تیرۆر و تیرۆرستان بوو له هێڵه هه‌ره گه‌رم و هه‌ستیاره‌كاندا و كادرێكى دیار و پێشكه‌وتوو دڵسۆزى خودى یه‌كێتى نیشتمانى كوردستانیش بوو له‌هه‌مان كاتدا، شه‌هیدى فه‌رمانده عه‌قید هاوكار جاف نمونه‌ى فه‌رمانده‌ى لێهاتووى دژه‌تیرۆر و زانیارى بوو كه به شێوه‌یه‌كى مه‌یدانى گیانى خۆى خستبوه خزمه‌ت ئاسایش و ئارامى و رووبه‌رووبوونه‌وه‌ى تیرۆر به‌ڵام، به‌داخه‌وه له‌لایه‌ن ده‌ستى پیسى خیانه‌ت و تیرۆره‌وه له‌لایه‌ن ئه‌و تاقمه مافیا ئاساوه به نامرۆڤانه و حیزفرسهتترین شێوه دواجار شه‌هید ده‌كرێت و خێزان و منداڵه‌كان و خوشكه‌كه‌شى بریندار ده‌كرێن.
ئه‌م تیرۆر و ره‌شه‌كوژیه به‌م شێوه نه‌گریس و نا مرۆڤانه‌یه و به بڕیارى سه‌رانى ئه‌و تاقمه دواى پیلاندانان بۆ چه‌ندین كرده‌ى تیرۆرستى نه‌گریس و گه‌وره‌تر بووه كه خۆشبه‌ختانه ریسوا بوون و رووى ڕه‌شیان بۆ كۆمه‌ڵانى خه‌ڵك و هه‌موو لایه‌ك ئاشكرابوو ئه‌م تیرۆره گه‌وره‌یه هه‌موومان ده‌خاته به‌رده‌م به‌رپرسیارێتى و مه‌ترسى گه‌وره و ئاماژه‌یه‌كى راست و روونه به‌وه‌ى كه ئه‌و ده‌سته‌و تاقمه تیرۆرستیه چۆن هه‌موو سنورێكیان به‌زاندووه و هیچ یاسا و ڕێسا و ئه‌خلاقێك نازانن و پێویسته وه‌ك تیرۆریست لهزیندانهكان توندبكرێن و سزا بدرێن نه‌ك ناو و ناسنامه‌ى دژه تیرۆر هه‌ڵبگرن.
ئێمه وه‌ك لایه‌نى به‌رپرسیار له‌و دۆزه، هه‌روه‌ها وه‌ك هاوڕێ و به‌رپرس و هاوكارى عه‌قید هاوكار، به‌رپرسیارێتى گه‌وره‌مان له‌سه‌ر شانه به‌رامبه‌ر به ئه‌و هه‌ڤاڵه شه‌هیده‌مان و زۆر به ڕوونى ئه‌و راستیه‌ش بۆ هه‌موو لایه‌ك ئاشكرا ده‌كه‌ین كه پیلانى تیرۆرستانه‌ى ئه‌و تاقمه زۆر له‌وه‌ش گه‌وره‌تر بووه، زۆر به‌ڵگه‌ى تر له‌به‌رده‌ستدان سه‌باره‌ت به تاوانباران و سروشتى هه‌ستیار و مه‌ترسیدارى ئه‌و تاوان و پیلانه‌ى كه ئامانجى له‌وه گه‌وره‌ترى له پشت بووه، شه‌هیدبوونى عه‌قید هاوكار خه‌ساره‌تێكى زۆر گه‌وره‌یه، به‌ڵام سوپاس بۆ خوا به هاوكارى هه‌موو لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كان زۆر به وریاییه‌وه توانرا ده‌ست به‌جێ تاوانبارانى تیرۆریست ئاشكرا و ده‌ستگیر بكرێن و ئه‌و پیلانه نه‌گریسه له‌و ئاسته‌دا ڕابگیرێت .
ده‌نا ئه‌وه‌ى ڕاگه‌یه‌ندراوه و ئه‌وه‌ى كه روویداوه به‌شێك له پلانى تیرۆرستانه‌ى ئه‌و تاقمه تاوانباره‌یه و لایه‌نێكى ههرهزهقى پیلان و تاوانه قێزهونهكهیانه، زۆر به‌ڵگه و تاوانى دیكه ماون كه ئاشكرا ده‌كرێن و تاوانباران به سزاى ره‌واى خۆیان ده‌گه‌ن.
ئێمه هه‌موو لایه‌ك دڵنیا ده‌كه‌ینه‌وه و په‌یمان به كه‌س و كارى شه‌هید هاوكار و شه‌هیدانى دیكه‌ى ڕێگه‌ى خه‌باتمان دژى تیرۆر و ره‌شه‌كوژى ده‌ده‌ین كه خوێنیان به زایه ناچێت، تاوانباران و داڕێژه‌رانى ئه‌و پیلانه تیرۆرستیه به سزاى توندى خۆیان ده‌گه‌ن، هه‌موو ڕێگایه‌كى یاسایى و ره‌وا هه‌موو ڕێوشوێنێكى ئه‌منى و هه‌واڵگرى و سه‌ربازى ده‌گرینه به‌ر بۆ جێبه‌جێكردنى بڕیارى دادگا و ئه‌نجومه‌نى ئاسایش و پاراستنى ئه‌و دامه‌زراوانه و ده‌بێت هه‌موو تاوانباران به‌سزاى ره‌واى خۆیان بگه‌ن.
هه‌ر لێره‌وه داواكارین له ته‌واوى هاوڵاتیان، به‌تایبه‌ت له هێزه ئه‌منى و هه‌واڵگرى و سه‌ربازیه‌كان، و به هێزه هاوپهیمانهكانیشمانهوه هاوكارى و پشتیوانىی ته‌واومان بكه‌ن له پرۆسه‌ى ده‌ستگیركردن و به‌سزا گه‌یاندنى ئه‌و تاوانبارانه و كۆتایپێهێنان به‌م دۆخه‌و به‌م تاقمه تیرۆرستیه.
هه‌موو لایه‌ك ئاگادارده‌كه‌ینه‌وه له‌وه‌ى داڵده‌دانى ئه‌و تاوانبارانه و پاراستن و شاردنه‌وه‌یان یاخود هه‌رچه‌شنه هاوكاریه‌كیان به‌شداریه له‌و تاوانه‌دا و ده‌یانكات به شه‌ریكى تاوان و تیرۆر.
به پێچه‌وانه‌وه چاوه‌ڕوانى ئێمه له هه‌موو لایه‌ك به‌تایبه‌ت له ده‌زگا ئه‌منى و سه‌ربازیه‌كانى ئه‌و زۆنه، چاوه‌ڕوانیمان له سه‌ركردایه‌تى و كادیرانى دڵسۆز و هێزه‌كانى پێشمه‌رگه و خه‌باتگێڕانى یه‌كێتى به‌تایبه‌تتر، ئه‌وه‌یه كه هاوكار و پشتیوانى ڕاسته‌قینه‌مان بن له كۆتایی هێنان به‌م دۆخه‌و به سزا گه‌یاندنی ئه‌و تاقمه مافیا ئاسایهدا .
مه‌رگ و سه‌رشۆڕى بۆ تیرۆرست و خیانه‌تكاران .
ئه‌ژی ئه‌مین
سه‌رۆكی ئاژانسی پاراستن و زانیاری/زانیاری
12/10/2022