ئەمڕۆ چوارشەممە 12ی ئۆکتۆبەر(تشرینی یەکەم)ی 2022 ، بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجومەن، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.
لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکەدا، ڕەشنووسی پڕۆژە یاسای ( وەبەرهێنانی کانزایی لە هەرێمی کوردستان ) بۆ گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە خرایە ڕوو .
سەرەتا هەردوو بەڕێزان سەرۆک و جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران گرنگیی وبایەخیی هەبوونی پڕۆژە یاسای وەبەرهێنانی کانزایی دووپات کردەوە، کە هەنگاوێکی گرنگە بۆ هەمەچەشنکردنی سەرچاوەکانی ئابووری هەرێم و ڕێکخستنەوەی بواری وەبەرهێنان لە سامانی کانزاکانی هەرێم بە دید و ستراتیجێکی نوێ کە باشترین ئەزموون و پێوەر و ڕێکارە کارپێکراوە نێودەوڵەتییەکان لەخۆ بگرێت، چونکە تا ئێستا یاسایەکی کۆنی عێراقی بەرکارە کە هی ساڵی 1988ە و بەربەست و ئاستەنگی زۆری تێدایە و ناگونجێت لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی ئێستا. وا چاوەڕوان دەکرێت ئەم پڕۆژە یاسا نوێیە، ببێتە هۆی مسۆگەرکردن و هاندانی وەبەرهێنەرانی بیانی بۆ وەگەڕخستنی سەرمایەکانیان لەم بوارە لە هەرێمی کوردستان، دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوەیەکی بەرفراوان، ئەنجومەنی وەزیران لە ڕوانگەی بایەخی ئەم یاسایە بۆ گەشەسەندنی ئابووریی هەرێم و هەمەجۆرکردن و فرەچەشنکردنی سەرچاوەکانی داهات، بڕیاریدا لیژنەیەکی تایبەتمەند لە وەزارەتەکانی ( سامانە سروشتییەکان ، پلاندانان و بازرگانی و پیشەسازی) و وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پەرلەمان و سەرۆکی دیوان و سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران پێکبهێنرێت بۆ بەدواداچوونی ئەو تێبینی و سەرنجانەی لە بارەی ڕەشنووسی پڕۆژە یاساکە خرانەڕوو بە ئاراستەی دەوڵەمەندکردنی پڕۆژەکە و ئامادەکردنەوەی ڕەشنووسی پرۆژە یاساکە بۆ ئەنجومەنی وەزیران.
بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەکە، بریتی بوو لە بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری پێشووی ئەنجومەنی وەزیران سەبارەت بە دابەشکردنی نەوتی سپی کە لەلایەن کەمال محەمەد ساڵح وەزیری سامانە سروشتییەکان بەوەکالەت خرایە ڕوو. تێیدا ئاماژەی بەوە کرد کە سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ لە سەر داوای سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، ڕەزامەندی داوە لە سەر ناردنی بڕی 50 ملیۆن لیتر نەوتی سپی لەم مانگە، وەک قۆناخی یەکەم، ئاماژەشی بەوە دا کە وەزارەت ئامادەکاریی پێویستی کردووە لە 20ی ئەم مانگەوە، سەرەتا نەوتی سپی لە ناوچە شاخاوی و ساردەکانی هەرێم بە سەر هاووڵاتییان دابەش بکرێت هاوشێوەی ساڵانی پێشوو.
بڕگەی سێیەم، خستنەڕووی پێشنیاری وەزارەتی کاروباری شەهیدان وئەنفالکراوان سەبارەت بە لێخۆشبوون لە کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان و بەرکەوتووانی چەکی کیمیاویی بۆ گەڕاندنەوەی ئەو بەخشینانە ( منحە ) ی وەریان گرتووە لە دوای بەرکاربوونی یاسای ژمارە 2ی ساڵی 2020 کە لە لایەن عەبدوڵڵا مەحموود محەمەد وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان خرایەڕوو.
ئەنجومەنی وەزیران، جەختی لە ئەرکی حکومەت کردەوە لە خزمەتکردنی کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان و ئەنفالکراوان وبەرکەوتووانی چەکی کیمیاویی، کە شایستەی خزمەتکردنن و گرنگیی ڕەچاوکردنی بارودۆخی تایبەتیان، بە کۆی دەنگ پێشنیارەکەی وەزارەتی کاروباری شەهیدان وئەنفالکراوانی پەسەند کرد و وەزارەتی دارایی وئابووری ڕاسپارد بەجێبەجێکردنی پێشنیارەکە و بەدەرکردنیان لە ڕێنمایی دارایی لەم بارەیەوە.