ئێران: سیخوڕێکی موسادمان دەستگیر کردووە

میدیاکانی ئێران بە پشت بەستن بە بەرپرسێکی دەزگای دادوەری بڵاویانکردەوە، ئێران کەسێکی دەستگیرکردووە کە گوایە لەگەڵ موسادی ئیسرائیلی بۆ تێکدانی ئاسایشی ئێران کار دەکات.

ئیبراهیم حەمیدی، داواکاری گشتیی کرمان، بۆ ئاژانسی هەواڵی تەسنیم ئاماژەی بەوە کردووە، کە تۆمەتبار پێش ئەوەی لە لایەن ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانی ئێرانەوە دەستبەسەر بکرێت، پلانی “وێرانکەری” لە کرمان دانابوو.

حەمیدی ڕەگەزنامەی ئەو کەسەی ئاشکرا نەکردووە کە دەستگیر کراوە.

ئێران دان بە ئیسرائیلدا نانێت و لە ماوەی ڕابردوودا بە هێرشکردنە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکان و ئەنجامدانی تیرۆر لەناو ئێراندا تۆمەتباری کردووە.

ئەم ڕاگەیاندنە لە کاتێکدایە کە ناڕەزایەتییەکانی دژ بە حکومەت بەردەوامە کە لە ناوەڕاستی مانگی ئەیلولدا لە سەرانسەری ئێران سەریهەڵدا، دوای ئەوەی ژینا ئەمینی، کچێکی تەمەن 22 ساڵ لە ئێران لە دەاتبەسەرکردنییەوە لە لایەن پۆلیسی رەوشتی تارانەوە گیانی لەدەستدا.

ئێران لە سەرەتای دەستپێكردنی خۆپیشاندانەكانەوە تا ئێستا چەند هاووڵاتییەكی بیانی دەستگیركردووە، تاران وەک لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی ڕابردوودا، خۆپێشاندانەکانی خستۆتە ئەستۆی “دوژمنە” بیانییەکان، ئەوانیش ئەمریکا و ئیسرائیلن.

ھەواڵی زیاتر