بڕیاری دادگاكانی هه‌رێمی كوردستان به‌ زمانی كوردی دەنووسرێن

به‌مه‌به‌ستی یه‌كخستنی زمانی دادگاكان، ئه‌نجوومه‌نی دادوه‌ری هه‌رێمی كوردستان بڕیاریدا.

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ (10ـی تشرینی یه‌كه‌م/ئۆكتۆبه‌ری 2022)، ئه‌نجوومه‌نی دادوه‌ری هه‌رێمی كوردستان له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا رایگه‌یاند: دوای كۆبوونه‌وه‌ی رۆژی 26/9/2022 به‌ پشتبه‌ستن به‌ (مادده‌ی شه‌شه‌م له‌ یاسای ژماره‌ 23ی ساڵی 2007)ـی ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری و هه‌روه‌ها (مادده‌ی شه‌شی یاسای ژماره‌ شه‌شی ساڵی 2014)ـی زمانه‌ فه‌رمییه‌كان له‌ هه‌رێمی كوردستان، بڕیاردرا بڕیاری دادگاكانی هه‌رێمی كوردستان و هه‌موو ئه‌و رێكاره‌ دادوه‌رییانه‌ی كه‌ له‌ دادگاكانی هه‌رێمی كوردستان په‌یڕه‌وده‌كرێن به‌ زمانی كوردی بنووسرێن، ته‌نیا له‌كاتی پێویست به‌ زمانی عه‌ره‌بی بنووسرێت.

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی ئه‌نجوومه‌نی دادوه‌ریدا ئەوەش هاتووه‌: ئه‌م بڕیاره‌ی ئه‌نجوومه‌نی دادوه‌ری، دوای زنجیره‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كی هاوبه‌ش له‌ نێوان ئه‌نجوومه‌نی دادوه‌ری، په‌رله‌مان، ده‌سته‌ی ده‌ستپاكی و ئه‌كادیمیای كوردی هاتووه‌.

ئاماژه‌ به‌وه‌شکراوه‌،‌ بێجگه‌ له‌ ده‌ركردنی ئه‌و بڕیاره‌، لایه‌نه‌كانی ناوبراو سه‌رقاڵی ئاماده‌كردنی فه‌رهه‌نگێكی یاسایی یه‌كگرتووی كوردین بۆ یه‌كخستنی زمان و ده‌سته‌واژه‌ یاساییه‌كان كه‌ به‌ سه‌رپه‌رشتی ئه‌نجوومه‌نی دادوه‌ری و نوێنه‌رایه‌تی هه‌ریه‌ك له‌ په‌رله‌مان، وه‌زاره‌تی داد، ده‌سته‌ی ده‌ستپاكی و ئه‌كادیمیای كوردی به‌ڕێوه‌ده‌چن.

ھەواڵی زیاتر