نێچيرڤان بارزانى و باڵيۆزى توركيا بارودۆخی عێراق تاوتوێ دەکەن

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان و باڵيۆزى توركيا له‌ عێراق کۆبوونەوە و باسیان لە ئاڵنگارییەکانی بەردەم عێراق و چۆنێتیی تێپه‌ڕاندنيان کرد. بەگوێرەی سەرۆکایەتیی هه‌رێمى كوردستان، هەردوولا “هاوڕابوون له‌سه‌ر گرنگيى پاراستنى سه‌قامگيرى و ئاشتى له‌ عێراق.” 

رۆژی دووشه‌ممه‌ 10-10-2022، نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان لە هەولێر پێشوازى له‌ عه‌لى ره‌زا گوينه‌ى، باڵيۆزى توركيا له‌ عێراق و شاندێكى ياوه‌رى كرد.

بەگوێرەی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هه‌رێمى كوردستان له‌ كۆبوونه‌وه‌يه‌كدا، بره‌ودان به‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى عێراق و هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ توركيا به ‌تايبه‌تى له‌ بوارى ئابوورى و ئاڵوگۆڕى بازرگانى و هاريكاريى هاوبه‌ش، دوايين په‌ره‌سه‌ندنه‌كانى‌ پڕۆسه‌ى سياسى، پرسى هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆکكۆمار و هه‌وڵه‌كانى پێكهێنانى حكومه‌تى نوێى عێراق تاوتوێ كراون.

نێچيرڤان بارزانى و عه‌لى ره‌زا گوينه‌ى “هاوڕابوون له‌سه‌ر گرنگيى پاراستنى سه‌قامگيرى و ئاشتى له‌ عێراق كه‌ كاريگه‌ریى له‌سه‌ر ئارامى و سه‌قامگيريى ناوچه‌كه‌ هه‌يه‌.” هه‌روه‌ها تيشكيان خسته‌ سه‌ر ئاڵنگارییەکانی قۆناخى ئێستاى عێراق و چۆنێتیی تێپه‌ڕاندنيان به‌ هاريكاريى نێوان پێكهاته‌ و لايه‌نه سياسييه‌كانى وڵات و سوودوه‌رگرتن له‌ ده‌وڵه‌مه‌نديى سه‌رچاوه مرۆيى و سرووشتييه‌كانى عێراق.

ھەواڵی زیاتر