مەسرور بارزانی: رێگەکانی ئەنجامدانی گەندەڵیمان گرتووە

مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە میانی گفتوگۆی راستەوخۆی لەگەڵ ھاووڵاتییاندا، كە لەگەڵ 40 گەنجدا كۆبووەتەوە، وەڵامی پرسیارەكان دەداتەوە و لەبارەی نەهێشتنی گەندەڵیشەوە، رای دەگەیەنێت كە لە كابینەكەی حكوومەتەكەیدا، ڕێگەكانی ئەنجامدانی گەندەڵییان گرتووە.

سەرۆكی حكوومەت لە وەڵامی پرسیارێكدا دووپاتی كردەوە كە لە كابینەی نۆیەمدا، لە سەرەتاوە بە بەرنامەوە كاریان لەسەر رووبەرووبوونەوەی گەندەڵی كردووە، بۆ ئەمەش ڕێگەی یاسایی و سیستەماتیكی گیراوەتەبەر.

مەسرور بارزانی دەڵێ بنبڕكردنی گەندەڵی بە سیستەم دەكرێت، یەكێك لە كارەكانی ئەوان ئەوە بووە كە ڕێگەكانی گەندەڵی نەمێنن، یەكێك لە ئامرازەكانی ئەمەش، هێنانەدی شەفافیەتە، كە خستنەكاری سیستەمی ئۆنڵاین بەشێكی گرنگیەتی، بۆ ئەوەی هەل بۆ ئەنجامدانی گەندەڵی نەمێنێت، هەروەها دەڵێ بە خێراكردنی خزمەتگوزارییەكانیش ڕێگە لە گەندەڵی دەگرن، چونكە یاریكردن بە كات و دواخستنی پرۆژەكان، ئەگەری روودانی گەندەڵی زیاد دەكەن.

سەرۆكی حكوومەت دووپاتی دەكاتەوە كە هەر كەسێك ئاگەدارە بەرتیل وەردەگیرێت لە هەر دەزگایەكی حكوومەت، پێویستە لایەنە پەیوەندیدارەكان ئاگەدار بكاتەوە بۆ ئەوەی بەدواداچوون بكرێت و رووبەرووی یاسای بكەنەوە، بەڵام پێویستە بۆ خستنەڕووی گەندەڵی، بەڵگە هەبێت و روون بێت، دەشڵێ بەلای ئەوانەوە گرنگتریش شت ئەوەیە كە ڕێگە نەهێڵدرێت گەندەڵی بكرێت.

باس نیوز

ھەواڵی زیاتر