سەرۆکی دەزگای لوتکە بۆ کاروباری ئاوارە و پەنابەران رایگەیاند، تەرمی دوو کۆچبەری کورد لە دەریاکانی یۆنان و تورکیا دۆزرانەتەوە.
ئاری جەلال، سەرۆکی دەزگای لوتکە بۆ کاروباری ئاوارە و پەنابەران بە تۆڕی میدیایی باڵکێشی راگەیاند، لە چەند ڕۆژی رابردوودا تەرمی دوو کۆچبەری کورد لە وڵاتەکانی تورکیا و یۆنان بەهاوکاری دەزگای لووتکە دۆزرانەوە کە لە دوو رووداوی جیاوازدا گیانیان لەدەست دابوو.
ئاری جەلال وتی”دوای ئەوەی کە دەزگاکەمان لەلایەن کەسوکاری قوربانییەکانەوە ئاگادارکرایەوە لە بوونی دوو حاڵەتی لەو جۆرە، دەستبەجێ نوێنەرانمان لە وڵاتانی تورکیا و یۆنان بەهاوکاری لایەنە پەیوەندیدارەکان دەستیان بە گەڕان کرد بەشوێن تەرمی ئەو دوو قوربانییەدا. لەپاش دوو شەو و دوو رۆژ لە گەڕان و بەدواداچوون، تەرمی یەکێکیان لە کەناراوەکانی دەریای ئیجە دۆزرایەوە. هەروەها تەرمی دیکەشیان هەر لە پاش دوو شەو و دوو ڕۆژ لە گەڕان، لەلایەن لە وڵاتی یۆنان لە نزیک شاری ساڵۆنیک لە جەنگەڵێکدا دۆزرایەوە.
گەنجەکان خەڵکی رۆژهەڵات و باشووری کوردستانن، یەکێکیان ناوی سەیوان ساڵح-ەو تەمەنی 30 ساڵە، خەڵکی سەردەشتی رۆژهەڵاتی کوردستانە، ئەوی تریش ناوی شکار محەممەدە، تەمەنی 31 ساڵە و خەڵکی قەڵادزێیە لە باشووری کوردستان. ئاری جەلال دەڵێ” بڕیاروایە لە ئایندەیەکی نزیکدا راپۆرتی پزیشکیی تەرمەکان رادەستی کەسوکاریان بکرێتەوە و بگەڕێنرێنەوە زێدی خۆیان”.