بەڕێوەبەرایەتیی راستکردنەوە و تاقیکردنەوەکانی وەزارەتی پەروەردەی عێراق نووسراوێکی بۆ سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی پەروەردەی پارێزگاکان کردووە و داوایان لێدەکات کەوتنی قوتابییان لە زمانی کوردی بە دەرنەچوو هەژمار نەکرێت، بەوەش زمانی کوردی لە بابەتێکی سەرەکی لە قوتابخانەکانەوە دەکاتە بابەتێکی لاوەکی. پەرلەمانتارێکی کوردیش دەڵێت: “نووسراوەکە نادەستوورییە.”
بەپێی نووسراوێکی بەڕێوەبەرایەتیی گشتی راستکردنەوە و تاقیکردنەوەکانی وەزارەتی پەروەردەی عێراق کە رۆژی 6-10-2022 بە ژمارە 19/ع/ 22928 بەناونیشانی “بابەتی زمانی کوردی” بە واژۆی شاکر نیعەت عەبد عەونی، بەڕێوەبەری گشتیی راستکردنەوە و تاقیکردنەوەکانی وەزارەتی پەروەردەی عێراق بۆ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەکان لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق جگە لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان نێردراوە، تێیدا زمانی کوردی وەکو بابەتێکی لاوەکی تەماشادەکرێت و قوتابی لەو بابەتە ئەگەر نمرەی دەرچوونیش بەدەستنەهێنێت، ئەوا بە دەرچوو هەژمار دەکرێت.
لە نووسراوەکەدا هاتووە: “بەهۆی ئەوەی زۆر پرسیارمان لەبارەی بابەتی زمانی کوردییەوە بۆ قوتابییانی قوتابخانە عەرەبییەکانەوە بۆ دێت لەو قوتابخانانەی دەخوێندرێن و بە پشت بەستن بە رەزامەندیی بەڕێز وەزیری پەروەردە لە وەڵامی نووسراومان ژمارە 19/ع/4/30322 لە 16-10-2017، دەمانەوێت ئەوە روونبکەینەوە، کە قوتابی بە دەرنەچوو هەژمار ناکرێت لە بابەتی زمانی کوردی لەو قوتابخانانەی خوێندنی بابەتەکە دەیانگرێتەوە، ئەگەر نمرەی دەرچوونی پێویستی بەدەست نەهێنا.”
هەرچەندە بەپێی بڕگەی یەکەمی ماددە چواری دەستووری هەمیشەیی عێراق زمانەکانی عەرەبی و کوردی دوو زمانی فەرمیی عێراقن و ماف دراوەتە پێکهاتەکان بە زمانی تورکمانی و سریانی و ئەرمەنیی دایکیان لە دامەزراوەکان بخوێنن، بەڵام ماوەیەکە و بەدیاریکراوی لەدوای رووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەری 2017ەوە هەوڵەکان بۆ لابردنی زمانی کوردی لە نووسراو و تابلۆکان سەریهەڵدایەوە و چەند جارێک لە شارەوانی، هاتووچۆ و تەندروستی و چەند شوێنێکی دیکە بەتایبەت لە پارێزگای کەرکووک روودەدات.
لەبارەی بڕیارەکەی وەزارەتی پەروەردەوەی عێراقەوە، سەباح حەبیب، ئەندامی لیژنەی پەروەردی پەرلەمانی عێراق و پەرلەمانتاری کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: “بڕیارەکە نایاسایی و نادەستوورە و دژی ماددەی 4ـی دەستووری عێراقە، بۆیە رەتیدەکەینەوە و قبووڵی ناکەین زمانی کوردی پەراوێز بخرێت، دەبێت زمانی کوردی وەکو هەر بابەتێکی دیکە وەکو زمانی عەرەبی، ئینگلیزی و بابەتی دیکە هەژمار بکرێت و کەم نەکرێتەوە.”
لە دوای ساڵی 2003 و رووخانی رژێمی بەعسەوە بابەتی زمانی کوردی لە پۆلەکانی چوارەم و پێنجەمی ئامادەیی بە هەردوو بەشی وێژەیی و زانستی لە قوتابخانەکانی عێراق دەخوێندرێت، بەڵام زوو زوو کێشەی بۆ دروستدەکرێت و کەمدەکرێتەوە، لەکاتێکدا خوێندنی زمانی عەرەبی لە هەرێمی کوردستان یەکێکە لە وانە سەرەکییەکانی قوتابخانەکان لە پۆلی چواری بنەڕەتییەوە تاوەکو 12ـی ئامادەیی.
رووداو