عێراق 100 ملیۆن دۆلاری بە درۆن داوە و درۆنەکان نافڕن

نوێنەری وەزارەتی پێشمەرگە لە دەستەی پیشەسازیی سەربازیی عێراق رایدەگەیێنێت، عێراق هیچ درۆنێکی نییە، ئەگەر هەشیبێت لە دەستی حەشدی شەعبی دایە و ئێران پێیداون. دەشڵێت، عێراق بە بەهای 100 ملیۆن دۆلار گرێبەستی بۆ کڕینی درۆن کردووە، بەڵام درۆنەکان نافڕن.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 06-10-2022، لیوای مافپەروەر ئەحمەد عارف ئامێدی، نوێنەری وەزارەتی پێشمەرگە لە دەستەی پیشەسازیی سەربازیی عێراق رایگەیاند: “لە دوای ساڵی 2003، چەند بڕیارێکی نێودەوڵەتی بەسەر عێراقدا سەپێندراون، عێراق تەنیا مافی ئەوەی هەیە چەکێک بکڕێت بۆ ئەوەی سیستمی بەرگریی بەهێز بکات، مافی ئەوەی نییە چەکێک بکڕێت بتوانێت هێرشی پێ بکات”.

ئەحمەد عارف نموونە بەو چەکانە دەهێنێتەوە کە کاتی خۆی عێراق هەیبوون و دەڵێت: “بۆ نموونە لەسەردەمی بەعس هەندێک مووشەک هەبوون وەکو حەسەن و حوسێن کە توانای بڕینی 1500 کیلۆمەتریان هەبوو، بەڵام ئێستا تەنیا مافی بەکارهێنانی ئەو مووشەکانەی هەیە کە توانای بڕینی 50 کیلۆمەتریان هەیە، ئەوەش بۆ ئەوەیە عێراق هەر بە لاوازی بمێنێتەوە بەرامبەر تورکیا و ئێران”.

سەبارەت بە بابەتی پێدانی درۆن بە هێزەکانی پێشمەرگە و رێگریکردن لەو بابەتە لە لایەن عێراقەوە، نوێنەرەکەی وەزارەتی پێشمەرگە لە دەستەی پیشەسازیی سەربازیی عێراق گوتی: “عێراق تاوەکو ئێستا هیچ درۆنێکی نییە، ئەگەر هەشیبێت بە دەستی حەشدی شەعبییەوەیە کە ئێران پێیانی داوە.”

رووداو

ھەواڵی زیاتر