هۆشیار زێباری: لەناو یەكێتیدا جگە لە بەرهەم ساڵح كاندیدی تر هەیە بۆ پۆستی سەرۆككۆمار


هۆشیار زێباری ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ كەناڵی (العربية الحدث):
هێزە كوردییەكانی ئۆپۆزسیۆنی ئێران لەسەردەمی سەددام حسێنەوە بارەگایان هەیە‌و ئێمە نەمانهێناون.
لایخۆمانەوە هەوڵمانداوە ئەو حزبە ئۆپۆزسیۆنانە نەبن بە هەڕەشە بۆ ئاسایشی ئێران، ئەمەش بە كۆنترۆڵكردنی جموجوڵەكانیان لە سنورییەكان‌و لیژنەی ئەمنیمان لەگەڵیان دروستكردووە، كە بكرێت لەرێگەی ئەو لیژنانەوە هاوكاری بكەین بۆ راگرتنی ئەو هێرشانە، زۆرجار حزبە كوردییەكانی ئۆپۆزسیۆنی ئێران پابەند نابن، هەمان كێشەمان لەگەڵ پارتی كرێكارانی كوردستانیش هەیە بەدرێژایی سنوری عێراق‌و توركیا.
-ناڕەزایەتییەكانی ئێران بەبڕوای من هەڵچونێكی كۆمەڵایەتی- رۆشنبیری- بژێوییە‌و بەهەموو ناوچەكانی تری ئێراندا بڵادەبێتەوە نەك تەنیا لە ناوچە كوردییەكاندا.. بەڵام بەداخێكی زۆرەوە ئێمە (هەرێمی كوردستان) بووین بە ئامانجێكی ئاسان، هەرێم بووە بە گۆڕەپانی تاقیكردنەوەی جۆرەها چەك‌و ناردنی پەیام، بوین بە ئاسانترین لایەن بۆ سزادان لەسەر كاروبارێك كە ئێمە تێیدا بەشدارنین.
-حكومەتی عێراق ئامرازی زۆری هەیە بۆ گوزارشتكردن لە توڕەیی خۆی سەبارەت بە هێرشەكانی ئێران، هەندێك ئیدانەكردنی بیانییەكان بەهێزتر بوون لە ئیدانەكردنەكانی حكومەتی عێراق، بەداخەوە زۆرێك براو سەركردە شیعەكانمان لە عێراق بێلایەنی یاخود بێدەنگییان هەڵبژارد.
-پەشیمان نین لە هاوپەیمانی سێقۆڵی (سەدر+ بارزانی+ حەلبوسی)، بەڵام لەدوای هەڵبژاردنی سەرۆكی پەرلەمان‌و جێگرەكانییەوە پرۆسەی بە سیاسیكردنی دادگا دەستیپێكرد.
– لە مام جەلالەوە بۆ سەرۆك كۆماری ئێستا كە بەرهەم ساڵحە هیچیان بەوەدا تێنەپەڕیون دوو لەسەر سێی بەدەستبهێنن‌و لە گەڕی دووەمدا بە زۆرینەی سادە بووە.
-ئێمە دەستبەرداری سەدر نەبووین، ماوەی ساڵێكی تەواو هاوبەش بووین‌و هێشتا پەیوەندی باش‌و بەردەواممان لەگەڵ سەماحەتی سەید‌و سەركردەكانی رەوتی سەدردا هەیە، لەڕاستیدا ئێمە دەستبەرداری ئەوان نەبووین، ئەوان بە بڕیارێكی ناوخۆیی خۆیان بڕیاریاندا لە پەرلەمان بكشێنەوە‌و پرۆسەی سیاسی بەجێبهێڵن.
-سەدرییەكان پێشوەختە ئاگاداریان كردین لە بڕیاری خۆیان، دواتر داوایان لێكردین دەمانەوێت پەرلەمانتارانی سەدر بگەڕێنەوە بۆ پەرلەمان بۆ راستكردنەوەی رێڕەوەكە، میكانیزمی یاسایی هەبوو كە دەكرا بگیرێتەبەر، بەڵام وەڵامەكەیان ئەوە بوو ئێمە وەكو هاوبەش داواتان لێدەكەین ئێوەش لە پەرلەمان بكشێنەوە بۆ ئەوەی پەرلەمان هەڵوەشێتەوە، وەڵامی ئێمە ئەوە بوو ئەگەر بكشێینەوە شوێنە بەتاڵەكانی ئێمەش وەكو ئەوانەی ئێوە بە كاندیدە جێگرەوەكان پڕدەكەنەوە‌و بوونی ئێمە لەژێر چەترەكەدا باشترە لەوەی لە دەرەوە بین، بۆیە ئێمە دەستبەرداری سەدر نەبووین‌و هێشتاش پێمانوایە هیچ حكومەتێكی سەقامگیر دروست نابێت بەبێ بەشداری‌و موبارەكەی رەوتی سەدر.
– تائێستا هیچ رێككەوتنێك نییە لەنێوان پارتی‌و یەكێتی لەسەر یەك كاندید بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار، برایانی یەكێتی كاندیدی خۆیان هەیە‌و ئێمەش كاندیدی خۆمان هەیە، لەناو یەكێتیدا جگە لە بەڕێز بەرهەم ساڵح كاندیدی تریش هەن هەروەها سەربەخۆكانیش هەن، بەڵام ئەو گفتوگۆیانەی تائێستا كراون نەگەیشتوەتە رێككەوتن لەسەر كاندیدێك.
– بڕیاری دیاریكردنی كاندیدی سەرۆك كۆمار بڕیارێكی بەكۆمەڵی نیشتمانییە، كورد بە تەنیا ناتوانن كاندیدی خۆیان سەربخەن‌و دەبێت هێزەكانی تر پاڵپشتی بكەن لە كوتلەكانی شیعە‌و سوننە‌و سەربەخۆكان، كامە بەرژەوەندی وڵاتە لەم قۆناغەدا ئەگەر تشرینییەكان خۆپیشاندان بكەن‌و دەیان شەهیدو قوربانی بدەن‌و داوای گۆڕینی ئەم سێ سەرۆكایەتییە بكەن، بەڵام ئێستا ئەو سێ سەرۆكایەتییە بگەڕێنەوە، بەدڵنیایی هاوڵاتی پرسیار دەكات چیمان كردووە.
– كۆنگرەی 14ی پارتی لە سەرەتای مانگی 11 بەڕێوەدەچێت، تاوەكو مەرجەعیەت‌و سەركردەیی مێژوویمان هەبێت كە سەرۆك بارزانییە‌و ئەو ئامادەیی هەبێت بڕواناكەم ئیشنیقاق لەناو پارتیدا رووبدات.

ھەواڵی زیاتر