سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێ، “خولی پێنجەمی پەرلەمان بۆ ماوەی ساڵێک درێژدەکرێتەوە و لەو ماوەیەدا هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان ئەنجامدەدرێت.” دەشڵێ: “ئەو فراکسیۆنانەی ئەمڕۆ گوتیان درێژکردنەوەی خولی پەرلەمان عەیبەیە، بۆ ئەو پەرلەمانتارانەش عەیبەیە دەنگ بە درێژکردنەوەی خولەکە نەدەن و دواتر لە پەرلەمان بەردەوامبن.”
رۆژی چوارشەممە 5-10-2022، زانا مەلا خالید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند: “ئامانج لە درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان ئەوەیە هەرێمی کوردستان نەکەوێتە بۆشایی یاساییەوە، دەمانەوێ ئەزموونی هەرێمی کوردستان و دامەزراوە شەرعییەکانی بە پارێزراوی بهێڵینەوە و نامانەوێ هەرێمی کوردستان بگەڕێتەوە پێش ساڵانی 1992 کە هیچ دامەزراوەیەکی نەبوو.”
ئەمڕۆ خوێندنەوەی یەکەم لەسەر پێشنیازەیاسای درێژکردنەوەی ماوەی پەرلەمان کرا و بەشێک لە فراکسیۆنەکانی پەرلەمان لە میدیاکانەوە دژایەتی خۆیان بۆ درێژکردنەوەی خولی پێنجەمی پەرلەمان پێشاندا و زانا مەلا خالیدیش دەڵێ: “تا ئێستا دەنگدان لەسەر پێشنیازەیاسای درێژکردنەوەی خولی پێنجەمی پەرلەمان ئەنجامنەدراوە تا ئۆپۆزیسیۆن دەنگی پێ بدەن یاخود نا، ئەمڕۆ خوێندنەوەی یەکەم بۆ پێشنیازەیاساکە کرا و فراکسیۆنەکان قسەی خۆیان لەسەر کرد، واتا هیچ فراکسیۆنێکی پەرلەمانی ئەمڕۆ بایکۆتی کۆبوونەوەی پەرلەمانی نەکرد.”
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان گوتی: “لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان لە 3-11-2021ەوە دەستمان بە دانوستان کردووە بۆ ئەوەی بتوانین هەڵبژاردنی پەرلەمان لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا بەڕێوەبچێت، لەو پێشنیازەیاسایەی ئەمڕۆ خوێندنەوەی بۆکرا، جگە لەوەی هەرێمی کوردستان نەکەوێتە نێو بۆشایی یاسایی، لە هەمانکاتدا بۆ پاراستنی یەکڕیزی نیشتمانییە.”
ئاماژەی بەوەش کرد: پێمانوایە هەڵبژاردن بۆ یەک لایەنی سیاسیی نییە لە هەرێمی کوردستان و بۆ تەواوی خەڵکی کوردستانە و بۆ سەقامگیری سیاسیی هەرێمی کوردستانە نەک قووڵکردنەوەی ناکۆکییەکان، ئێستاش کە ماوەی پەرلەمان درێژدەکەینەوە، بۆ ئەوەیە لەو ماوەیەدا کۆی بەربەست و ناکۆکییەکان چارەسەر بکرێن و هەڵبژاردن ئەنجامبدرێت.
زانا مەلا خالید لەبارەی هەڵوێستی چەند فراکسیۆنێکی پەرلەمانی بەرامبەر درێژکردنەوەی خولی پێنجەمی پەرلەمان ئاماژەی بەوەیدا: “ئەگەر لایەنی ئۆپۆزیسیۆن وەک ئەمڕۆ گوتیان، عەیبەیە تەمەنی پەرلەمان درێژبکرێتەوە، دەبێ عەیبە بێت بۆ ئەو ئەندامانەی پەرلەمانی کوردستان کە دەنگ بە پێشنیازەیاساکە نادەن لەناو هۆڵی پەرلەماندا بمێننەوە.”
هەڵبژاردن بەڕێوەدەچێت
ماوەیەکە دانوستانی نێوان لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن وەستاوە و سەرۆکی فراکسیۆنی پارتیش پێیوایە: “لێکتێگەیشتنی باش لەنێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان و پێکهاتەکان هەیە بۆ ئەوەی بتوانین لە نزیکترین کاتدا دانووستاندن بۆ هەڵگرتنی بەربەستە یاساییەکان دەستپێبکەین بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان.”
بە گوتەی زانا مەلا خالید: “لە دەقی پێشنیازەیاسای درێژکردنەوەی خولی پەرلەمانیشدا هاتووە کە تا کۆتایی وەرزی پایزەی ساڵی 2023 پێویستە هەڵبژاردن بەر لە کۆتایی ئەم وادەیە ئەنجامبدرێت، کەواتە رەنگە دوو مانگی دیکە یان شەش مانگی دیکە هەڵبژاردن بکرێت کە ئەوەش دەگەڕێتەوە سەر رێککەوتنی نێوان لایەنە سیاسییەکان.”
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دووپاتیدەکاتەوە: “ئەو سکرتاریەتەی لە سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان دروستبووە بۆ ئەوەی کۆدەنگی نێوان لایەنە سیاسییەکان لەسەر یاسای هەڵبژاردن و کۆمیسیۆن دروستبکرێت، ئێستاش لە کارەکانی بەردەوامە و ئێمەش وەک پارتی دیموکراتی کوردستان هاوکاردەبین بۆ ئەوەی بتوانین بگەین بە رێککەوتن لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان و هەڵبژاردن لەو ماوەیەی دەستنیشاندەکرێت، ئەنجام بدرێت.”
زانا مەلا خالید هەوڵەکانی نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق بە “گرنگ” وەسفدەکات و داوا دەکات بەردەوامبێت لە هەوڵدان بۆ نزیککردنەوەی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان و ئاماژەیدا: “هۆشداری جینین پلاسخارت لەکاتێکدایە کە 1-10-2022 وەک وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمان لەلایەن سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە دیاریکرابوو، بەڵام بەهۆی رێکنەکەوتن، هەڵبژاردن ئەنجامنەدرا، واتا ئەمە بەردەوامیدانی پرۆسەی دیموکراسییە لە هەرێمی کوردستان کە ئێمە و لایەنە بەشدارەکانی حکومەت دەمانەوێ لە ماوەی ساڵی داهاتوودا هەڵبژاردن ئەنجامبدرێت.”
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان گوتیشی: “لە چوار خولی رابردووش ویلایەتی پەرلەمان بەهۆی رێکنەکەوتنی لایەنە سیاسییەکان درێژکراوەتەوە، ئێمە لە هەرێمی کوردستان دەستوورمان نییە و تاوەکو دەستوورێک بۆ هەرێمی کوردستان دانەندرێت، ئێمە تووشی ئەو گرفتانە دەبینەوە.”
رووداو