عارف ڕوشدی: نامەكەی لیز ترەس بۆ مەسرور بارزانی واتادارە

راوێژكارێكی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێت: نامەكەی سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا بۆ مەسرور بارزانی، لە ڕووی سیاسی و ئابووری و ئاسایشییەوە واتادارە.

عارف ڕوشدی، راوێژكاری مەكتەبی سیاسیی پارتی رایگەیاند، نامەكەی لیز ترەس، سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا بۆ مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، “لەسەر ئاستی سیاسی، ئابووری و ئاساییشییەوە واتادارە، چونكە كاتەكەی هاوتەریبە لەگەڵ بوونی چەندین تەنگژەی فرەڕەهەندی (ناوخۆیی، عێراقی، هەرێمی و جیهانی)، بە تایبەتی لە جیهانی سیاسەتدا بەرژەوەندییەكان (نەخاسمە بەرژەوەندیی ستراتیژیی دوورمەودا) كڕۆكی پەیوەندییەكانی نێودەوڵەتی پێكدەهێنێت و لێكەوتەی جیۆسیاسی، ئابووری و هەورازونشێوی هەژموونی سەربازی هاوپێچ دەكات”.

عارف ڕوشدی ڕاشیگەیاند، هەرێمی كوردستان بێ ئاگا نەبووە لە جموجۆڵ و ئامادەیی خۆی هەبووە، “ئامادەبوونی سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکوومەت لە چەندین بۆنەی هەستیاری جیهانی و هەرێمیدا کە بەشێك لەوانە، سەردانەکانیان بۆ  وڵاتانی (ئەمریکا، بەریتانیا، فەڕەنسا، وڵاتانی کەنداو و تورکیا)، بەشداریکردنی سەرۆکی حکوومەت لە دیدارەکانی (دافۆس و چاتامهاوس)، بانگهێشتکردنی سەرۆکی هەرێم لە رێورەسمی ناشتنی (شاژنی بەریتانیا) لە لایەک، سەردانی گەورە بەرپرسانی نێودەوڵەتی بۆ هەرێمی كوردستان و کۆبوونەوەیان لەگەڵ سەرۆک مەسعود بارزانی تا دەگاتە ناردنی نامەکەی (لیز ترەس)ی سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا لە لایەكی دیكە، گرنگیی هەرێمی كوردستان لەسەر نەخشەی داهاتووی (سیاسی و ئابووری)  ناوچەیی و جیهانی دەخەنە روو،  بۆیە زۆر پێویستە وەک ئەرکێکی نیشتمانی،  بە خەمخۆری و لێزانینەوە  وەبەرهێنان لەسەر ئەم گرنگییە بكرێت”.

دوێنێ سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا لە نامەکەیدا بۆ مەسرور بارزانی، سەرۆکی هەرێمی كوردستان، ئاماژەی بە

سەردانی مەسرور بارزانی بۆ بەریتانیا کردووە لە مانگی چواری ئەمساڵ و دەڵێت: ”زۆر خۆشحاڵبووم کە لە مانگی نیسانی ئەمساڵ، لە لەندەن پێشوازیمان لە بەڕێزتان کرد و هیوادارم سەردانەکە بەرهەمدار بووبێت“.

لیز ترەس وتی: “خۆشحاڵم کە پەیوەندیی مێژوویی نێوان هەردوولامان، ئەمڕۆ لە هەموو کاتێک زیاتر بەهێزترە” .

هەروەها لە نامەکەیدا هاتووە: ”ئێمە بەهای هاوبەشمان هەیە و پابەندین بە پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان وەک بە شێک لە عێراقێکی بەهێز و یەکگرتوو و بەردەوام دەبین لەوەی لە نزیکەوە، بەیەکەوە کاربکەین بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر“.

سەرۆک وەزیرانی شانشینی یەکگرتوو: “ئومێدەوارم بەیەکەوە کار بکەین لە پێناو بەهێزترکردنی پەیوەندییەکانمان”.

ھەواڵی زیاتر