سەرۆک مەسعود بارزانی و مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق جەختیان لە بایەخی پشتبەستنی لایەنەكان بە شێوازی دیالۆگ و لەیەكتێگەیشتنی نێوانیان بۆ دۆخی عێراق كردەوە.
بەپێی راگەیەنراوێکی بارەگای بارزانی، ئەمڕۆ سەرۆک بارزانی پێشوازی لە مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق كردووە و لە دیدارەكەدا بیروڕا لەبارەی بارودۆخی سیاسیی وڵات و دوایین پێشهاتەكانی ناو پڕۆسەی سیاسیی عێراق ئاڵوگۆڕ كرا و جەخت لە بایەخی پشتبەستنی لایەنەكان بە شێوازی دیالۆگ و لەیەكتێگەیشتنی نێوانیان كرایەوە”.
هەروەها ئاماژەی بەوەكردووە “لە بەشێكی تری ئەو كۆبوونەوەیەدا تەحەددیاتی ئەمنی و هەماهەنگیی هاوبەشی نێوان هەولێر و بەغدا بە تایبەتی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و دەستەبەركردنی سەقامگیری تاوتوێ كرا”.