دوای ئەمریکا، بەریتانیا، ئەڵمانیا، نەتەوە یەکگرتووەکان، میسر و ئوردن، هەر یەکە لە فەرەنسا، هۆڵەندا و سعودیەش سەرکۆنەی هێرشەکانی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان دەکەن.
وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت: “فەرەنسا سەرکۆنەی ئەو هێرشە بەرفراوانانەی سەر هەرێمی خۆبەڕێوەبەریی هەرێمی کوردستان دەکات کە ئێران بەرپرسیاریەتیی خۆی لێ راگەیاندوون.”
وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا هێرشەکانی دوێنێی سوپای پاسدارانی ئێران بە “پێشێلکردنی زەقی سەروەریی عێراق و یاسای نێودەوڵەتی” ناودەبات و دەڵێت، “هەڕەمەکییانە خەڵکی سڤیلیان بە ئامانجکردووە.”
فەرەنسا داوا دەکات رێز لە “سەروەری و یەکپارچەیی خاکی عێراق، لە نێویشیدا ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی خۆبەڕێوەبەریی کوردستان” بگیرێت.
هەروەها لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: فەرەنسا “حکومەتەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان لە هاوسۆزیی خۆی دڵنیادەکاتەوە،” و دەڵێت “نابێت ئەم کارانە دووبارە ببەنەوە.”
هاوکات هەر ئەمڕۆ پێنجشەممە، کۆنسوڵخانەی گشتیی هۆڵەندا لە هەولێر لە تویتێکدا هێرشەکانی ئێرانی سەرکۆنەکردن و رایگەیاند: “هۆڵەندا سەرکۆنەی ئەو هێرشانەی ئەم دواییە دەکات بۆ سەر هەرێمی کوردستانی عێراق لە لایەن سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامییەوە. ئەو هێرشە هەڕەمەکییانە بوونە هۆی گیان لەدەستدانی خەڵکی بێتاوانان و برینداربوونی خەڵکی سڤیل و رۆژنامەڤانان. بیرمان لای قوربانییەکان و کەسوکاریانە.”
نێردە دیپلۆماسییەکەی هۆڵەندا دەشڵێت: وڵاتەکەیان “دەنگی دەخاتە پاڵ بانگەوازی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ کۆتاییهێنان بەم دەستدرێژییانە. پێویستە دەستبەجێ تووندوتیژی رابگیرێت.”
رۆژی چوارشەممە، سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، بە 73 مووشەک و دەیان درۆنی بۆمبڕێژکراو هێرشیان کردووەتە سەر بنکە و بارەگاکانی پارتە کوردییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، بە تۆمەتی ئەوەی کە دەستیان لە خۆپێشاندان و گرژییەکانی نێو ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستاندا هەبووە.
لە ئەنجامی هێرشەکاندا، لانیکەم 17 کەس گیانیان لەدەستدا و سەرووی 46ی دیکەش برینداربوون، کە ژن و منداڵیشیان لە نێودابوو.
سعودیەی نەیاری هەرێمی و لەمێژینەی ئێران، ئەمڕۆ لە راگەیێندراوێکدا لە رێگەی وەزارەتی دەرەوەی، سەرکۆنەی هێرشەکانی کرد و گوتی: “رەتکردنەوەی تەواوی خۆمان بۆ هەموو ئەو دووژمنکارییانە دەردەبڕین کە هەڕەشە لە ئەمن و ئاسایشی عێراق دەکەن.”
هەروەها سەرەخۆشی خۆیشی بۆ کەسوکاری کوژراو و بریندارانی هێرشەکان دەربڕی.
ژێدەر
رووداو