بافڵ تاڵەبانی: هیچ پاساوێك بۆ ئەم سنووربەزاندنە نییە

‏‎بەنیگەرانییەكی زۆرەوە لە بۆردومانەكانی ئەمڕۆی كۆماری ئیسلامی ئێران بۆسەر خاكی هەرێمی كوردستان دەڕوانین كە چەندین شەهید و برینداری لێكەوتووەتەوە و دەیان خێزانیش ئاوارەبوون. ئەمە پێشهاتێكی ترسناك و مەترسیدارە كە قووڵایی هەرێمی كوردستانی گرتووەتەوە و داوای دەستبەجێ راگرتنی دەكەین.

‏‎هیچ پاساوێك بۆ ئەم سنووربەزاندنە نییە و مەترسییەكی گەورەیە بۆ سەر ئارامی و ئاسایشی هەرێم و عیراق. داواكارین خاكی هەرێمی كوردستان بۆ یەكلاییكردنەوەی كێشە سیاسی و سەربازییەكان بەكارنەهێنرێت و هاووڵاتییان نەكرێنە قوربانیی ململانێكان. داواكارین هەموولایەك خۆڕاگربن و گفتوگۆ بكەنە بنەمای چارەسەركردنی كێشەكان.

‏‎داوا لە حكومەتی عیراق دەكەین ئەرك و بەرپرسیارێتی خۆی لە پاراستنی خاكی عیراق و هەرێم جێبەجێ بكات. سەروەری وڵات بپارێزێت و رێگری لە پێشێلكاری و چەندبارەبوونەوەی هێرشەكان بكات.

‏‎پرسە و هاوخەمی قووڵی خۆمان ئاڕاستەی كەسوكاری شەهیدان دەكەین و هیوای چاكبوونەوە بۆ بریندارەكان دەخوازین. وەك ئەركێكی نەتەوەیی و نیشتمانی خۆمان، هەموو دامەزراوە پەیوەندیدارەكانمان راسپاردووە بە دڵسۆزییەوە ئەركەكانیان رابپەڕێنن و لەخزمەت هەموواندا بن.

‏‎لە كۆتاییشدا دەمەوێت هەموولایەك دڵنیابكەمەوە بەئامانجگرتنی هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان و تێكدانی سەقامگیری خاكەكەمان هەرگیز لەیادناكەین و رشتنی خوێنی خەڵكەكەمان لەبیرناچێتەوە.

‏‎بافڵ جەلال تاڵەبانی
‏‎سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
‏‎٢٨ی ئەیلولی ٢٠٢٢

ھەواڵی زیاتر