راگەیەنراوێک لە یەکێتی نیشتمانی کوردستانەوە

راگەیەندراوی مەكتەبی راگەیاندن دەربارەی بۆردومانەكانی ئەمڕۆ

مەكتەبی راگەیاندنی یەكێتی لە راگەیەندراوێكدا كە لە سایتی پیوكەی میدیا ( PUKMEDIA ) بڵاوكراوەتەوە، وێڕای ئیدانەكردن داوای راگرتنی بۆردومانەكانی هێزەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران دەكات و رایدەگەیەنێت، ئەم كارە پێشێلكردنێكی ئاشكرای سەروەریی عیراق و هەرێمی كوردستانە.

دەقی راگەیەنراوەكە:

ئەمڕۆ هێزەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران بۆردومانی چەند ناوچەیەكی جیاجیای هەرێمی كوردستانیان كرد كە بووەتە مایەی زیانی گیانی و ماددی و شەهید و برینداریشی لێكەوتووەتەوە.
ئەم كارە جگە لە زیانە گیانی و مادییەكان و دڵە راوكێی ناو هاووڵاتیان، پێشێلكردنێكی ئاشكرای سەروەریی عیراق و هەرێمی كوردستانە و لەگەڵ بنەماكانی دراوسێیەتی باش و پەیوەندی دۆستانەدا یەكناگرێتەوە.
وێڕای ئیدانەكردنی بۆردومانەكان، داوای بەپەلەی راگرتنیان دەكەین، چونكە زیان بە هاووڵاتیان و پەیوەندییەكان دەگەیەنێت.
هەروەك هاوخەمی بۆ قوربانیان دەردەبڕین و هیوای زووچاكبوونەوەش بۆ بریندارەكان دەخوازین.

مەكتەبی راگەیاندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان

ھەواڵی زیاتر