دەقی ڕاگەیەندراوەکە:
بەناوی خوای گەورەو میهرەبان
بە داخ و پەژارەیەکی زۆرەوە ئەمڕۆ لە کاتی بۆردوومانکردنی بارەگاکانی کۆمەڵەو دیموکرات چەندین هاووڵاتیی مەدەنی بوونە قوربانی کە لەناویاندا ژن و منداڵی کورد هەیە.
سەرەخۆشی لە کەس و کاری قوربانییەکان دەکەم و هیوای زوو چاکبوونەوە بۆ بریندارەکان دەخوازم.
ئێمە پێشتر ڕامانگەیاندووە کە سیاسەتی حزبە دەسەڵاتدارەکانی هەرێمی کوردستان بەرامبەر دراوسێکانمان سیاسەتێکی تاکلایەنەیە، ئەو هەموو باوەش پێداکردن و خۆچەماندنەوانەی کە بۆ نەیارانی گەلەکەمانی دەکەن کەچی ئەوان لە بەرامبەردا هیچ ڕێزێک لە سەروەری خاکی عێراق و هەرێمی کوردستان ناگرن.
سەرەڕای سەرکۆنەکردنی ئەم هێرشانە داوا لە حکومەتی ئێران و تورکیا دەکەم هەرچی زووە بەئامانج گرتنی ژن و منداڵانی کورد و خەڵکی بێتاوان ڕابگرن، لە جیاتی بەکارهێنانی رێگەچارەی سەربازیی هەوڵ بدەن بە دیالۆگ و رێگەی ئاشتییانە کێشەکانیان چارەسەر بکەن، چونکە تازە خوای گەورە ئێمەی لەم سنوری جوگرافییە و لەسەر ئەم خاکە داناوەو هیچ کەس و لایەنێکیش بە کوشتن و بڕین جێگەمان پێ لەق ناکات.
هاوکات داوا لە حکومەتی ناوەندی و ڕیکخراوە نێودەوڵەتییەکان دەکەم کە بەپەلە هەڵوێستی جدییان هەبێت لەسەر ئەم دەستدرێژیانەی کەلەلایەن دەوڵەتانی دراوسێوە دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستانی عێڕاق و خەڵکە سڤیلەکەی.