ئاسایشی سلێمانی دەست بەسەر 139 کیلۆگرام ماددەی هۆشبەردا دەگرێت

بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند، دەستیان بەسەر 139 کیلۆگرام لە ماددەی هۆشبەر لە جۆری کریستاڵ گرتووە و دوو بازرگانی ماددەی هۆشبەریشیان دەستگیرکردووە.

بەپێی ڕاگەیەنراوێکی ئاسایشی سلێمانی، توانیویانە “شکست بە پیلانێکی بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر” بهێنن و دوو بازرگانی ماددەی هۆشبەریش دەستگیر بکەن.

بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی سلێمانی ئاماژەی بەوە کردووە، لە دوو چالاکیی جیادا دەستبەسەر بڕی 139 کیلۆگرام ماددەی هۆشبەر لە جۆری “کریستاڵ”دا گیراوە.

بەپێی ڕاگەیەنراوەکە، لە چالاکیی یەکەمدا، “دوای لێکۆڵینەوەی ورد و بەدواداچوون و چاودێریکردن، هێزەکانی ئاسایش بە فەرمانی دادوەر لە رۆژی 09-09-2022 دەستیان بەسەر بڕی 2 کیلۆگرام ماددەی کریستاڵ-دا گرت و تۆمەتبارێکیش بەناوی (ک. ک. ر) دەستگیرکرا، تۆمەتبار لەدایکبووی ساڵی 1976ی شاری کەرکووکە، ئۆتۆمبێلێکی جۆری (لکزس)ی لاندکروزی پێبووە، لەسەر رێگەی (سلێمانی – كەركووك) دەستگیرکراوە و بەپێی زانیارییەکان ئەو ماددانە لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان هێندرابوون.”

هەروەها لە چالاکیی دووەمدا، وەکو ئاسایشی سلێمانی ئاماژەی پێداوە، “هێزەکانیان پاش لێکۆڵینەوە و كۆكردنەوەی زانیاریی ورد، لە ھەمان رۆژدا لەناو شاری سلێمانی لە ماڵێکدا دەستیان بەسەر بڕی 137 کیلۆگرام ماددەی (کریستاڵ لە جۆری شل)دا گرتووە، کە لەناو دەبەدا شاردرابووەوە. تۆمەتباریکیش دەستگیرکرا کە کوردە و لەدایکبوی ساڵی 1994ی کەرکووکە بەناوی (ع. د. ع).” 

لە ڕاگەیەنراوەکەی ئاسایشی سلێمانی ئەوەش خراوەتەڕوو، تۆمەتبارەکان بەنیازبوون لە شاری سلێمانییەوە کریستاڵەکە  بگوازنەوە بۆ دەرەوەی هەرێمی کوردستان.

بە فەرمانی دادوەر و بەپێی ماددەی 25 لە یاسای بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە ئەقڵییەکان تۆمەتبارەکان راگیراون و دەستبەسەر “کریستاڵ”ەکەشدا گیراوە.

ھەواڵی زیاتر