پەیامی کۆسرەت رەسول عەلی لە ساڵیادی ریفراندۆم
ئەمڕۆ ساڵیادی ریفراندۆمی گەلی کوردستانە، ئەو ریفراندۆمەی هەموو خەڵکی کوردستان بەبێ جیاوازی بەشداریان کردو لە پرۆسەیەکی دیموکراسیدا دەنگیان دا بۆ سەربەخۆیی کوردستان.
ریفراندۆم موڵکی هیچ کەس و لایەنێک نییە، گەلی کوردستان کردی و بۆ ئایندەی گەلەکەشمان بوو.
ئەوپەڕی شانازییە بۆ من، یەکێک لە رۆژە مێژووییە خۆشەکانی ژیانم، کە سەرپەرشتی کردنی ریفراندۆم لە کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانمان وەک ئەرکێکی نیشتمانی و نەتەوەیی پێ سپێردرا، لە رووداوێکی مێژوویی و دەگمەندا خەڵکی کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکان دەنگیان داو کوردستانیەتی ئەو ناوچانەیان سەلماندەوە.
لەم رۆژە پیرۆزەدا، پیرۆزبایی خۆم ئاراستەی سەرجەم گەلی کوردستان دەکەم و وەک هەمیشەش دووپاتی دەکەینەوە کە گەلەکەمان لەگەڵ پێکەوەژیانی ئاشتیانەیەو دەمانەوێ مافە دەستووری و دیموکراسییەکانی خۆمان پیادە بکەین.
کۆسرەت رەسول عەلی
سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
٢٥/٩/٢٠٢٢