تۆپخانەکانی سوپای پاسدارانی ئێران بەردەوامن لە تۆپبارانی سنوورەکانی برادۆست و کاسبکارانیش شوێنەکانیان جێدەهێڵن.
ئیحسان چەلەبی، بەڕێوەبەری شارۆچکەی سیدەکان رایگەیاند، کە “دوو رۆژە ئێران دەستی بە تۆپبارانکردنی سنووری ژمارەیەک گوند و ئاوایی ناوچەکە کردووە و ترس و دڵەڕاوکێی خستووەتە نێو گوندنشینان؛ ژمارەیەک جووتیار کار و کاسبیی خۆیان جێهێشتووە.”
بەڕێوبەری شارۆچکەکە ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو ناوچانەی کەوتوونەتە بەر تۆپبارانەکە هەریەک لە بەربزین، سەقەڕ، گەرووی سینگان و دەرهۆرەن، ئەو ناوچانەش لەم وەرزەی ساڵدا مەڕدار و جووتیار تێیدا نیشتەجێن.
تۆپبارانەکان زیانی گیانیان نەبووە و رووبەرێکی زۆری پووش و پاوانی ناوچەکە سووتاوە.
رۆژی شەممە سوپای پاسدارانی ئێران، ئۆپەراسیۆنێكیان دەستپێکردووە و تا ئێستا بەردەوامی هەیە.