ژنانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کۆبوونەوە و جەختیان لەوە كردەوە كە پرسی ژن لە هەموو جوگرافیایەک بە پرسی خۆیان دەزانن و دەڵێن، “کوشتنی ژینا ئەمینی مەحکوم دەکەین. “
رۆژی شەممە 24-09-2022، کۆبوونەوەی ژنانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە شاری سلێمانی بە سەرپەرشتیی شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، ئەندامی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسیی یەکێتی بەڕێوەچوو.
بەگوێرەی راگەیێندراوی ژنانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی یەکێتی، چەندین بابەتی “گرنگ” و پەیوەست بە رەوشی ژنان بەگشتی و ژنانی ناو یەكێتی بەتایبەتی گفتوگۆیان لەبارەوە کرا، وەکو:
– تاوتوێكردنی پاشەكشەكردنی ژنان لەكایەی سیاسیدا.
– جەختكردنەوە لەسەر جێبەجێكردنی رێژەی 25٪ـی ژنان كە لە پەیڕەودا چەسپیوە.
– كاراكردنی رۆڵی ژنانی یەكێتی لە پاراستنی ژینگە و لەو بارەیەوە بەرنامەی پێویست دانرا.
– دانانی بەرنامەیەكی تایبەت بۆ سەردانكردنی كەسوكاری شەهیدان.
– بایەخدان بە منداڵانی بێ سەرپەرشتیار و بەساڵاچووان.
– پێگەیاندنی كادری ژن بۆ سەرپەرشتیكردنی ئۆرگانەكانی یەكێتی لە رێگەی بەرنامەی هۆشیاریی سیاسییەوە.
– ژنانی سەركردایەتیی یەكێتی جەختیان لەوە كردەوە كە پرسی ژن لە هەموو جوگرافیایەک بەپرسی خۆیان دەزانن، لەو روانگەیەوە كوشتن و ئازاردان و زیندانیکردنی ژن و زەوتكردنی ئازادییەكانی بەتایبەت لە كەیسی كوشتنی ژینا ئەمینی و هاورێكانیدا مەحكوم دەكەن.