پەیوەندی لاهور و بافڵ دژوارتر دەبێت

پارێزەری لاهور شێخ جەنگی لەبارەی دۆسیەی سکاڵاکەیەوە لەسەر بافڵ تاڵەبانی رایگەیاند، لەسەر داواکاریی پارێزەری سەرۆکی یەکێتی، دادگەی کەرخی بەغدا بڕیاری گواستنەوەی دۆسیەکەی بۆ دادگەی تێهەڵچوونەوە لە سلێمانی دەرکرد، بەڵام ئەوانیش داوایان لە سەرۆکایەتیی دادگەی تەمیزی هەرێمی کوردستان کردووە کە جگە لە سلێمانی، یەکێک لە دادگەکانی تێهەڵچوونەوەیان بۆ دیاریبکات بۆ دۆسیەکە.

 پێشتر شادمان مەلا حەسەن، ئەندامی دورخراوەی سەركردایەتی یەكێتی له‌په‌یامێكدا ڕایگەیاندبوو، “ئەوانەی ڕۆژێك لەڕۆژان تێكۆشاون لەناو یەكێتی، پێویسته‌ خۆیان بۆ قۆناغێكی تر ئامادەبكەن”، وتیشی:”پێویستە ئارامی خۆتان بپارێزن‌و خۆتان ڕێكبخەن، مەرج نییە لەداهاتودا ناسنامەكە وەك خۆی ببێتە چوارچێوەی كۆكردنەوەتان، بەڵام بیروباوەڕو ئامانجەكانیان دەكرێ ببنە دروشم‌و ڕێبازی تێكۆشانیان لەوێستگەیەكی تری كاری ڕێكخراوەیی”. ئەمەش وەکو سەرەتایەک بۆ راگەیاندنی حیزب لەلایەن لاهور جەنگیەوە لێکدرایەوە.

پێشتر باڵکێش لە سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراوەوە ئەوەی ئاشکرا کرد کە لاهور شێخ جەنگی، بە نیازە حیزبێکی نوێ بەناوی یەکێتی نیشتمانی کوردستان-عێراق دابمەزرێنێت.

رۆژی سێشەممە، 20-9-2022، سەیوان سیروان جاسم، پارێزەری لاهوور شێخ جەنگی، سەبارەت بە دۆسیەی سکاڵاکەیان لەسەر بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و گواستنەوەی بۆ هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: “پێشتر و بە تۆمەتی پێشێلکردنی پەیڕەوی ناوخۆی یەکێتی و کارکردن دژی پڕەنسیپ و رێڕەوە یاسایی و حیزبییەکان، بەڕێز لاهوور شێخ جەنگی ویستی لە سلێمانی سکاڵا لەسەر بافڵ تاڵەبانی تۆماربکات، بەڵام بەهۆی ئەوەی سکاڵاکەمان وەرنەگیرا، لە بەغدا سکاڵامان تۆمارکرد”.

پارێزەری لاهوور شێخ جەنگی دەڵێت، سەرەتای مانگی ئابی ئەمساڵ دادگەی کەرخی بەغدا پێیڕاگەیاندن بەهۆی ئەوەی کێشەکە لە هەرێمی کوردستانە، با دادگاییکردنەکەش لە هەرێمی کوردستان بێت، بۆیە دۆسیەکە گواسترایەوە سلێمانی کە ئەمە لەسەر داوای پارێزەرەی بافڵ تاڵەبانی بوو، بۆیە ئەوانیش داوایان لە سەرۆکایەتیی دادگەی تەمیزی هەرێمی کوردستان کردووە یەکێک لە دادگەکانی تێهەڵچوونەوە لە هەولێر یان لە دهۆک یان لە گەرمیان دیاری بکات بۆ ئەوەی دادگاییکردنەکەی تێدا بکرێت.”

سەیوان سیروان جاسم هۆکاری داواکاریی گواستنەوەی دۆسیەکە لە سلێمانییەوە بۆ شوێنێکی دیکە رووندەکاتەوە و دەڵێت: “ئێمە پێمان باش نییە دۆسیەکە بۆ سلێمانی بێت، ئەوەش لەبەر چەند هۆکارێک، یەکەم؛ هەردوو لایەنی سکاڵاکە خاوەنی پێگە و جەماوەری خۆیانن و ترسمان لەوەیە کێشە دروست بێت، هەروەها تاوەکو گوشار نەکەوێتە سەر دادگە”.

پارێزەرەکەی لاهوور شێخ جەنگی هۆشداریی دەدات و دەڵێت: “ئەگەر دادگەی تەمیز دۆسیەکە بنێرێتە سلێمانی، ئەوا ئێمە سکاڵاکە هەڵدەوەشێنینەوە، چونکە پێش تۆمارکردنی سکاڵا لە بەغدا، دادنووس لە سلێمانی هۆشداریی نەداوەتە لایەنی بەرامبەر، بەهیچ شێوەیەکیش قبوڵنەکراوە لە دادنووسەکانی سلێمانی سەبارەت بە یەکێتی و کاک بافڵ هۆشداری لەسەر ئەم پرسە بنێرن.”

سەیوان سیروان جاسم لەبارەی گواستنەوەی دادگاییکردنەکەش زیاتر روونیکردەوە “بەپێی یاسای مورافەعاتی مەدەنیی ژمارە 97، دادگە بەپێی شوێن دەتوانێت شوێنی دادگاییکردنەکە بگوێزێتەوە، بۆیە ئێمە بە دیاریکراوی داوای هیچ دادگەیەکی دیاریکراومان نەکردووە و ئەوە دادگەی تەمییزە دیاری دەکات کوێ دەستنیشان دەکات بۆ ئەوەی دۆسییەکەی تێدا یەکلایی بکرێتەوە.”

پارێزەرەکەی لاهوور شێخ جەنگی ئاماژەی بۆ وردەکاریی سکاڵاکەشیان کرد و گوتی “لاهوور شێخ جەنگی کاتی خۆی رازی بوو بەشێک لە دەسەڵاتە تەنفیزییەکانی بگوێزرێتەوە بۆ هاوسەرۆک کاک بافڵ، بەڵام دواتر سکاڵاکەی تۆمارکرد، چونکە بەڕێز بافڵ تاڵەبانی و هەندێک مەکتەب سیاسی بەبێ کۆنگرە و رێڕەوە یاساییەکان لاهوور شێخ جەنگییان دەرکرد، ئەویش داوایکردووە هەموو ئەو بڕیار و رێوشوێنانە هەڵبوەشێنرێتەوە.”

رۆژی 8ـی تەممووزی 2021، ئاڵۆزییەکانی نێو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان زەقبوونەوە دوای ئەوەی بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆکی ئەوکاتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەرپرسانی دەزگای زانیاری و دژەتیرۆری گۆڕی، ئەوەش نیگەرانیی لاهوور شێخ جەنگی لێکەوتەوە و دواتر پەیوەندییەکانیان گرژتربوو، تاوەکو گەیشتە ئەوەی رۆژی 15ـی تەممووز مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەسەڵاتەکانی لە لاهوور شێخ جەنگی وەکو هاوسەرۆک وەرگرتەوە.

دواتر لاهوور شێخ جەنگی بە تۆمەتی پێشێلکردنی پەیڕەوی یەکێتی و بڕیاری نایاسایی، لە بەغدا و سلێمانی، سکاڵای یاسایی لەسەر بافڵ تاڵەبانی تۆمارکرد.

رۆژی 28-08-2022 لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان گفتوگۆ لەبارەی هەمواری پەیڕەوی نێوخۆی حیزبەکە کرا و پەیڕەوێکی نوێ پەسندکرا کە تێیدا سیستمی هاوسەرۆکایەتیی هەڵوەشێنرایەوە.

دواتر بافڵ تاڵەبانی خۆی بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی یەكێتی بەربژێرکرد و بە دەنگی 89 ئەندامی ئەنجوومەنەکە بە سەرۆکی یەکێتی دەستنیشانکرا.

ھەواڵی زیاتر