یۆنان پلانێكی نوێی بۆ ڕێگرتن لە پەڕینەوەی پەنابەران ڕاگەیاند 

ئەمڕۆ سێشەممە وەزیرێكی حكوومەتی یۆنان پلانێكی نوێی بۆ ڕێگرتن لە پەڕینەوەی پەنابەران بۆ ناو خاكی وڵاتەكەی راگەیاند، كە بریتییە لە تەلبەندكردنی سنووری وڵاتەكە بە درێژایی 140 كیلۆمەتر.

تاكیس تیۆدۆركاكۆس وەزیری پاراستنی هاووڵاتییان رای گەیاند وڵاتەكەی پلانی هەیە بۆ درێژكردنەوەی تەلبەند و دیواری چیمەنتۆیی لە سنووری باكووری وڵاتەكەدا بەرانبەر خاكی توركیا، تا ڕێگری لە پەڕینەوەی زیاتری پەنابەران بكەن.

تیۆدۆركاكۆس لە میانی سەردانیكردنی ناوچەی ئیڤرۆسی سنووری وڵاتەكەیدا رای گەیاند ئەو تەلبەندەی لەوێ هەیە، درێژییەكەی 40 كیلۆمەترە، بە پێی پلانی نوێ، درێژییەكە بۆ 140 كیلۆمەتر زیاد دەكەن.

جێی باسە لەوەتەی ساڵی 2012وە تا 2021، حكوومەتی یۆنان دەستی بە تەلبەندكردنی سنوورەكانی لەگەڵ توركیادا كرد، ئەمەش دوای ئەوەی توركیا هەڕەشەی كردبوو بەوەی ڕێگری لە پەڕینەوەی پەنابەران بۆ سەر خاكی یەكێتیی ئەورووپا ناكات.

بەپێی زانیارییەكانی حكوومەتی یۆنان، لە ماوەی حەفت مانگی رابردوودا، حەفت هەزار و 484 پەنابەر و كۆچبەر روویان لە یۆنان كردووە.

باس نیوز

ھەواڵی زیاتر