سه‌در داوا له‌ زیاره‌تكاران ده‌كات به‌شێوه‌یه‌كی یاسایی سه‌ردانی عێراق بكه‌ن

موقته‌دا سه‌در داواده‌كات هێزه‌كانی حه‌شد و سه‌رایا سه‌لام، له‌ پاراستنی مه‌راسیمه‌كانی چله‌ی ئیمام حوسێندا دووربخرێنه‌وه‌ و ته‌نها هێزه‌ فه‌رمییه‌كان ئه‌و ئه‌ركه‌ له‌ ئه‌ستۆبگرن.

له‌ نوێترین په‌یامیدا سه‌باره‌ت به‌ سه‌ردانی زیاره‌تكارانی یادی چله‌ی شه‌هیدكردنی ئیمام حوسێن، موقته‌دا سه‌در، نموونه‌ به‌ بڕیاره‌كانی وڵاتی سعوودیه‌ ده‌هێنێته‌وه‌ بۆ رێكخستنی زیاره‌تكارانی مه‌ككه‌ و مه‌دینه‌ بۆ ئه‌نجامدانی حه‌ج و عومره‌.

سه‌در داوا ده‌كات به‌ هه‌مانشێوه‌ له‌ عێراقیشدا، له‌ چوارچێوه‌ی یاسا كارپێكراوه‌كانی وڵاتانی جیهان و له‌سه‌ر بنه‌مای شه‌رعی كاربكرێت بۆ رێكخستنه‌وه‌ی سه‌ردانی زیاره‌تكارانی شیعه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی عێراق بۆ شوێنه‌ پیرۆزه‌كانی نه‌جه‌ف و كه‌ربه‌لا.

موقته‌دا سه‌در هه‌رچه‌نده‌ پابه‌ندبوونی خۆیانی بۆ خزمه‌تكردنی زیاره‌تكارانی شیعه‌ دووپاتده‌كرده‌وه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا داوای له‌ هه‌موو زیاره‌تكاران كرد، رێزی ئه‌و شوێنانه ‌بگرن كه‌ سه‌ردانی ده‌كه‌ن و پابه‌ندی رێكخستن و یاسا و رێنماییه‌ كارپێكراوه‌ه‌كانی ده‌وڵه‌تی عێراق بن.

هه‌روه‌ها سه‌در داواش له‌ زیاره‌تكاران ده‌كات، به‌شێوه‌یه‌كی یاسایی له‌رێگه‌ی پاسپۆرته‌وه‌ سه‌ردانی عێراق بكه‌ن و رێز له‌ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان و هێزه‌ ئه‌منییه‌كان بگرن له‌ كاتی پێشوازیكردنیان.

له‌به‌شێكی دیكه‌ی په‌یامه‌كه‌یدا موقته‌دا سه‌در رایگه‌یاندووه‌، عێراق پابه‌ند نییه‌ رێگه‌ به‌ هاتنی هه‌موو زیاره‌تكاران بدات، ئه‌گه‌ر له‌سه‌رووی توانای پێشوازیكردنی خۆیه‌وه‌بێت، هه‌روه‌ك چۆن له‌ مه‌راسیمیی حه‌جدا له‌ سعوودییه‌ سه‌ردانیكردن سنوورداركراوه‌، هه‌روه‌ها نموونه‌ به‌ چه‌ند شوێنێكی دیكه‌ی ئایینی دێنێته‌وه‌ له‌ وڵاتانی دیكه‌ی جیهان كه‌ به‌ هه‌مانشێوه‌ سه‌ردانی زیاره‌تكارانیان رێكخستووه‌.

موقته‌دا سه‌در داواش ده‌كات، له‌ مه‌راسیمه‌كانی چله‌ی ئیمام حوسێن له كه‌ربه‌لا ته‌نها هێزه‌ ئه‌منییه‌ فه‌رمییه‌كان ئه‌ركی چاودێریكردن له‌ خاڵه‌كانی پشكنین له‌ ئه‌ستۆبگرن و هێزه‌كانی حه‌شد و سه‌رایا سه‌لام هاوشێوه‌كانیان دووربخرێنه‌وه‌.

وا بڕیاره‌ 16 – 17 ئه‌یلوول/ سێپتێمبه‌ری 2022، مه‌راسیمی چله‌ی ماته‌مینی ئیمام حوسێن نه‌وه‌ی په‌یامبه‌ری ئیسلام موحه‌ممه‌د (درودی خودای له‌سه‌ر بێت)، له‌ كه‌ربه‌لا به‌ڕێوه‌بچێت.

له‌كاتی به‌ڕێوه‌چوونی گرژییه‌كان له‌ عێراقدا، كۆماری ئیسلامی ئێران، ده‌روازه‌ سنوورییه‌كانی خۆی به‌ڕووی ئه‌م وڵاته‌دا داخست.

ئه‌حمه‌د وه‌حیدی، وه‌زیری ناوخۆی ئێران، پێشتر رایگه‌یاندبوو، دوای ئاساییبوونه‌وه‌ی گرژییه‌كانی عێراق، به‌هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی ئه‌م وڵاته‌، ده‌روازه‌ سنوورییه‌كان كرانه‌وه‌.

k24

ھەواڵی زیاتر