خاوەنی کۆمپانیایەکی وەرگرتنی پارەی زبڵ لە ماڵانی سلێمانی دەڵێت، هێزەکانی کۆماندۆ هەڵیانکوتاوەتە سەر کۆمپانیاکەیان و “بەبێ بڕیاری دادوەر” داتاکانی کۆمپانیاکەیان، بردوون؛ پەرلەمانتارێکیش دەڵێت، کاری ئەو کۆمپانیایانە “نایاساییە”.
لە سلێمانی پێنج کۆمپانیا حەوت زۆنی شارەکەیان وەرگرتووە بۆ کۆکردنەوەی پارەی زبڵ لە ماڵان؛ پەرلەمانتارێک دەڵێت، خاوەنی کۆمپانیاکان کاری نایاساییان کردووە. خاوەنی یەکێک لە کۆمپانیاکانیش ئەوە رەتدەکاتەوە و دەڵێت مافیان “خوراوە”.
رۆژی چوارشەممە 31ـی ئابی 2022، کاروان گەرمیانی، بەڕێوەبەری کۆمپانیای چیمەن کە یەکێکە لە کۆمپانیاکان گوتی: “ئەمڕۆ بەبێ فەرمانی دادگە هێزی کۆماندۆ دایان بەسەر کۆماپانیاکاندا، ئەوەش لەکاتێکدا بوو پێشتر لە شارەوانیی سلێمانی لەگەڵ فەرماندەیەکی کۆماندۆ کۆببووینەوە”.
کاروان دەڵێت، فەرماندەکەی کۆماندۆ رۆژی سێشەممە گوتوویەتی، کێشەکانیان بۆ چارەسەر دەکەن. گوتیشی: “دواتر پەیوەندی پێوەکردم و گوتی داتاکان بێنن و وەرن بۆ شارەوانی، من پارێزەرەکەمم نارد، دوای کۆبوونەوە داوای داتاکانیان کردبوو کە رۆژی چوارشەممە بیبەین و خۆمان بچین، چووینە شارەوانیی سلێمانی و فەرماندەکە گوتی هەموو مافەکانتان بۆ وەردەگرمەوە و هیچ مافێکتان نافەوتێت؛ ئێمە بەوە دڵخۆشبووین، داواشیکرد کۆنووسێک بۆ سەرۆک بافڵ تاڵەبانی بنووسین، ئێمەش کۆنووسمان ئامادەکرد، دۆخەکە ئاسایی بوو، دواتر من لە دەرەوەی شاربووم گوتیان چوونەتە سەر هەموو کۆمپانیاکان و داتاکانیان بردووە”.
هاونیشتمانییان گلەیی ئەوەیان کردووە کە بەهۆی ئەو بارکۆدەی لەبەردەم ماڵەکانیان دانراون، پارەیەکی زۆریان لێ داوا دەکرێت، وەکو لە چەند رۆژی رابردوودا دووکانێکی بچووک لە سلێمانی بڕی دوو ملیۆن دیناریان لێ داوا کراوە، بەو هۆیەشەوە هێزەکانی کۆماندۆ چوونەتە سەر کۆمپانیاکان و داوای داتاکانیان لێ کردوون.
کاروان دەستپێکردنی کارکردنیان دەگێڕێتەوە و دەڵێت، ساڵی 2018 شارەوانیی سلێمانی بە فەرمانی ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی شارەوانی پڕۆژەکەی راگەیاندووە و ئەوانیش پڕۆژەیەکیان وەرگرتووە. ئاماژەی بەوەکرد سەرەتای پڕۆژەکەیان بۆ ماوەی ساڵێک تاوەکو ساڵی 2019 وەستاوە؛ دواتر جارێکی دیکە دەستبەکاربوونیان بۆ کراوەتەوە و گرفتەکانیان چارەسەرکراوە و ئەوانیش مانگی 11ـی هەمان ساڵ دەستیان بە کۆکردنەوەی پارەی خۆڵ و خاشاک کردووە.
بەڕێوەبەری کۆمپانیای چیمەن ئاماژەی بەوەش کرد، کە لە سەرەتاوە هاونیشتمانییان ئامادە نەبوون پارەیان پێبدەن و گوتی: “دوای ساڵی 2020 و دواتر هاتنی کۆرۆنا و کەرەنتینکردن کێشەی زیاتری بۆ دروستکردین و چەندین جار داوای هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکانمان کرد سوودی نەبوو؛ سکاڵاشم تۆمارکرد و سکاڵا چووە دادگە؛ دادگەش گوتی کۆی گرێبەستەکە نایاساییە و هیچم بۆ نەکرا، لە بڕیاری دادگەی تەمیزیش لە هەولێرەوە دیسانەوە گوتیان کۆی گرێبەستەکە نایاساییە؛ شارەوانیش دەیگوت ئێمە لەسەر بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی شارەوانی پڕۆژەکەمان راگەیاندووە”.
کاروان گەرمیانی باسی لەوەش کرد، ئەگەر ئەو بیزانیایە دادگە دەڵێت کارەکە نایاساییە “هەرگیز پڕۆژەکە”ی وەرنەدەگرت و گوتی: “بڕیارەکە گەڕاوەتەوە بۆ دادگەی باڵا لە هەولێر و ئێمە چاوەڕێی ئەو دادوەرە بەڕێزانەین بەوردی لە بابەتەکە بکۆڵنەوە”.
بەگوتەی کاروان، زیانی ماددی زۆریان کردووە و 300 ملیۆن دیناری تەنیا بە داتابەیس داوە. گوتیشی: “هێزی کۆماندۆ لە چوار کۆمپانیاکەی دیکە داتاکانی وەرگرتووە، بەڵام من رادەستم نەکردن”. دەشڵێت: “بۆیە من رادەستم نەکردن هیچ بڕیاری دادگەیان پێنەبوو، منیش گوتم جارێ خۆی دۆسیەکە لە دادگەیە، با دادگە سەروەر بێت من ئامادەی هەموو بڕیارێکم”.
دابان محەممەد ئەندامی پەرلەمانی کوردستان گوتی: “وەرگرتنی رسومات لەلایەن کۆمپانیاوە بۆ کۆکردنەوەی زبڵی ماڵان نایاساییە، بڕیاری دادگەش دەرچووە، کە وەرگرتنی ئەو پارەیە نایاساییە”.
سەبارەت بە چوونەسەر کۆمپانیاکان لەلایەن هێزەکانی کۆماندۆوە، دابان محەممەد گوتی: “هەنگاوێکی باشە، ئەگەر کۆمپانیاکان ھەڵوەشێننەوە و کۆی دۆسیە و پرۆسەکە رادەستی شارەوانی بکرێت، بەڵام ئەگەر بۆ گۆڕانکاری بێت لە چەند کۆمپانیایەکەوە بۆ کۆمپانیایەکی دیکە ئەوە کارێکی خراپە و گرفتی گەورە بەرۆکی ھاووڵاتییان و کاسبکاران دەگرێت”.
دابان محەممەد ئاماژەی بەوە کرد، تۆمەتی سەر کۆمپانیاکان نەگەڕانەوەی پارەیە بۆ شارەوانیی سلێمانی. لە بەرامبەردا کاروان گەرمیانی رەتیکردەوە و گوتی: “یەک دینارمان لا نەماوە، ماوەیەک دوو مانگ پارەمان راگرت بۆ ئەوەی گوێمان لێبگیرێت، دواتر کەمێک گوێمان بۆ گیراو هەموو پارەکانمان رادەستکردووە و یەک دینارمان لانییە”.
ژێدەر
رووداو