محەمەدی حاجی مەحمود: 31ی ئاب كاردانەوەی پارتی بوو بەرامبەر ڕێككەوتنێكی یەكێتی و پاسداران

سەرۆكی پارتی سۆشیال دیموكراتی كوردستان، جەخت لەوە دەكاتەوە كە 31ی ئابی ١٩٩٦، كاردانەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان بووە بەرامبەر بە ڕێككەوتنێكی نێوان یەكێتی و سوپای پاسداران.

محەمەدی حاجی مەحمود، سەرۆكی پارتی سۆشیال دیموكراتی كوردستان لە پێگەی خۆی لە لاپەڕە (30 – 31)ی بەرگی پێنجەمی كتێبی (ڕۆژژمێری پێشمەرگەیەك) كە تایبەتە بە گێڕانەوەی بیرەوەرییەكانی خۆی لە ساڵانی نێوان 1997 تا 2004، بە كورتی ئاماژەی بە ڕووداوەكانی 31ی ئاب داوە و ئاشكرای كردووە، رێككەوتنێك لەنێوان یەكێتی و سوپای پاسداران كرابوو بۆ لێدانی بارەگاكانی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران لە كۆیە و لێدانی پارتی لە حاجی ئۆمەران و سیدەكان.

بەڵام وەك كاكە حەمە نووسیویەتی: ”ئەو ڕێككەوتنە سیاسی نەبوو، سەربازی بوو لەنێوان سوپای پاسداران و یەكێتی، لە بەرامبەر لێدانی حزبی دیموكرات لە كۆیە، سوپای پاسداران لە حاجی ئۆمەران و چۆمان و سیدەكان و كێلەشین هاوكاریی یەكێتی بكات بۆ دەستگرتن بەسەر ئەو ناوچانەدا لە بەرژەوەندیی یەكێتی و واشیان كرد و زەرەر و زیانێكی گەورە بەر پارتی كەوت.“

هاوكات ئاشكرای دەكات كە ”پارتی لە كاردانەوەی ئەوە، 31ی ئابی كرد و لەگەڵ عێراق ڕێك كەوت و یەكێتیی شكاند.“

ڕوونیشی كردووەتەوە كە لە ئەنجامی 31ی ئابدا، یەكێتی شكا و چووە زەڵێ و قاسمەڕەشی سەر سنووری ئێران. هەروەها: ”بورهانەدین رەبانی و ئەحمەد شامەسعودیش لە ئەفغانستان شكابوون و چووبوونە دۆڵی پێنج شێر، تێكەڵییەك لەنێوان كوردستان و ئەفغانستان دروست بووبوو لە راگەیاندنەكانی دونیا، مەسعود بارزانی و شامەسعودیی لە لایەك و تاڵەبانی و تاڵیبانیان تێكەڵ كردبوو و یەكیان لە جێگەی ئەوەی دیكە دادەنا.“

ھەواڵی زیاتر