دوای کۆبوونەوەی دکتۆر فوئاد حوسێن و بافڵ تاڵەبانی، پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەسەر چەند پرسێک نزیک کەوتوونەتەوە لە رێککەوتن و بڕیارە کۆبوونەوەکان تا ئەنجامدانی رێککەوتن بەردەوامبێت.
بەپێی زانیارییەکان، لە کۆبوونەوەی رۆژی شەممەی نێوان دکتۆر فوئاد حوسێن، سەرۆکی لیژنەی دانوستاندنکاری پارتی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کە نزیکەی چوار کاژێری خایاندووە، هەردوولا رەشنووسی تایبەت بە خۆیان بۆ رێککەوتن لەسەر چەند پرسێکی تایبەت بە نێوخۆی هەرێمی کوردستان و عێراق ئامادەکردووە.
بەپێی زانیارییەکان، لە کۆبوونەوەکەدا نزیکبوونەوە لە نێوانیاندا هەبووە لەسەر پرسەکان و بڕیار دراوە ئەو خاڵانەی تێبینییان لەسەرە لە کۆبوونەوەی داهاتوودا گفتوگۆیان لەبارەوە بکرێت، رەشنووسی هەردوولا تێکەڵ دەکرێت و رێککەوتنێک ئامادە دەکرێت و واژۆی دەکەن.
تا ئێستا وادەی کۆبوونەوەی داهاتووی نێوان د. فوئاد حوسێن و بافڵ تاڵەبانی دیاری نەکراوە، بەڵام پاش تەواوبوونی تاوتوێکردنی پێشنیازەکان کۆبوونەوەکان دەستپێدەکەنەوە.
لە ماوەی دوو مانگی رابردوودا ئەوە سێیەم کۆبوونەوەی نێوان فوئاد حوسێن و بافڵ تاڵەبانییە. تەوەری سەرەکیی لە کۆبوونەوەکانیش رێککەوتنی نێوان پارتی و یەکێتی بۆ یەکگوتاری و یەکهەڵوێستییە لە بەغدا.
زیاتر لە 10 مانگ بەسەر هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق تێدەپەڕێت و هێشتا حکومەت پێکنەهێندراوە. بەپێی دەستوور، دوای هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان، دەبوو سەرۆککۆمار هەڵبژێردرێت بۆ ئەوەی سەرۆکوەزیران راسپێرێت بۆ پێکهێنانی حکومەت، بەڵام تاوەکو ئێستا نە پارتی و یەکێتی لەسەر سەرۆککۆمارێکی هاوبەش رێککەوتوون، نە لایەنە شیعەکان لەسەر بەربژێرێک بۆ سەرۆکوەزیران رێککەوتوون.
ژێدەر
رووداو