ئاراس جەبار، شارەزای بواری كەشناسی رایگەیاندووە، بە كورت و پوختی وەرزی بارانبارین لەناوچەكانمان بە پێی وەرزەكان بەم شێوە پێشبینی دەكرێت.
لە وەرزی پاییزدا بەگشتی ئاستی بارانبارین لە خوار تێكڕایی ئاسایی دەبێت و پلەكانی گەرما لە چاو ساڵانی ڕابردوو نزمتر دەبێت و پایزێكی فێنكترمان ئەبێت.
ئەو شارەزایەی بواری کەشناسی دەڵێت: لە وەرزی زستان ئاستی بارانبارین زیاد دەبێتەوە بۆ ئاستی ئاسایی ساڵانە یان زیاتریش و پلەكانی گەرما بە زۆری لەخوار ئاستی ئاسایی ساڵانەوە دەبن و زستانێكی سەخت و ساردمان دەبێت لەگەڵ هاتنی رێژەیەكی زیاتری شەپۆلە جەمسەرییەكان لەچاو ساڵانی ڕابردوو و بارینی بەفری زیاتر لەناوچەكەدا و بەتایبەت ناوچە شاخاوییەكان كە ئەمەش سوودی بەرچاوی دەبێت بۆ بوژاندنەوەی سەرچاوەكانی ئاوی ژێر زەوی و سەر زەوی.
دەشڵێت: لە وەرزی بەهاردا ئاستی بارانبارین بۆ سەروو ئاستی ئاسایی ساڵانە بەرز دەبێتەوە بەهارێكی پڕ باراناویمان ئەبێت.
ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، بەپێی سەرجەم خوێندنەوەكان ، ئەگەری ڕوودانی وشكە ساڵیمان نابێت ئەم ئەگەرە لاوازە و لەسەرجەم ناوچەكاندا بڕی پێویست باران و بەفر دەبارێت.
ڕوونیشیكردەوە كە لەسەر هیچ پێشبینیەكیش دڵنیای نادرێت، چونكە كەشوهەوا سیستەمێكی پڕ لە گۆڕانكارییە و ئەمە دیاریكردنی مانگگیران و خۆرگیران نییە بە سیستەمێكی رێك بەڕێوە دەچێت.