ڕاگەیەندراوێک لە ئاسایشی سلێمانییەوە؛
دەقی راگەیەندراوەكە/
ئاسایشی سلێمانی وەك دەزگایەكی نیشتیمانی بەرپرسیار پابەند بەیاسا بەركارەكانی ھەرێم و پرنسیپەكانی ئازادی و مافەكانی مرۆڤ . ئەركی دابینكردنی ئاسایش و ئارامی خەڵكی كوردستان ، شاری سلێمانی بەتایبەتی بەئەمانەتەوە بەجێدەگەیەنێت و تواناو ھێزی ھەواڵگری و سەربازیمان خستۆتە خزمەتی خەڵكەوە .
ھێزەكانمان ھەردەم ماندوونەناسانە لەهەوڵ و هیمەتی بەردەوامدان لەپێناو پارێزگاری لە سەرو ماڵی هاوڵاتیان ، لەو پێناوەشدا درێغیمان نەكردووە و نایكەین لە ڕووبەڕوو بوونەوەی دوژمنانی ئەم گەلە لە تیرۆریستان و یاسا شكێنان و ھەڵھاتوان لەدادگا ، كەئەمە ئەركی ئێمەیەو دڵسۆزانە رایدەپەڕێنین .
• ئەوەی جێی داخە كەسانێك لەژێر چەتری هەندێك كۆمپانیاو لایەنی سیاسی یان پیشەی پیرۆزی ڕاگەیاندنكاریدا لێرەو لەوێ پشتیوانی تیرۆریستان و دوژمنانی ئەم گەلە دەكەن ، بە تۆمەتی ناڕەوا هەوڵی لەكەداركردنی هێزەكانمان دەدەن و بوختان و ھەواڵی ناڕاست دادەتاشن .
بۆكۆمەڵانی خەڵكی كوردستانی رووندەكەینەوە بەھای هێزەكانی ئاسایش بەو جۆرە كەسە ئاست نزمانە لەكەدار نابێت كە بەبێ بەڵگە و زانیاری دروست ژەھری پڕوپاگەندە بڵاودەكەنەوە كە بەمەرامەكانشیان رووی ناشرینی تیرۆریستان بە قسە و پشتیوانی ئەو جۆرە كەسانە ئارایشت نابێت .
بۆھەموولایەكی ڕووندەكەینەوە لەبەرامبەر چەندین جار دووبارە بوونەوەی ئەم تۆمەت بەخشینەوانە و دانانی سنورێك بۆ ئەو جۆرە كەسانە ، وەك بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی ڕێكار و سكاڵای یاسایی تۆمار دەكەین دژ بە هەریەك لە :
– ( محەمەد ئیسماعیل عومەر ) كە لەژێرناوی كاری پەرلەمانیدا هەستاوە بە بەخشینەوەی تۆمەتی ناڕەوا بۆ هێزەكانی ئاسایش .
-كاروان محەمەد پەیامنێری كەناڵی NRT كە لە سۆشیال میدیادا بە ئاشكرا پشتیوانی خۆی بۆ تیرۆریستان راگەیاندووە !
لێرەوە دووپاتی دەكەینەوە ئێمە وەك بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی سەرەڕای بانگەشەی لەیاسا دەرچوان و هەوڵی نەزۆكی تیرۆریستان بەردەوام بەپاڵپشتی یاساو دەسەڵاتی دادوەری بە پشیوانی خوای گەورە و خەڵكی كوردستان لەخەمی پاراستنی سەروماڵی ھاووڵاتیاندا دەبین و لە پێناو سەقامگیری و ئارامی ھەرێم شەونخونی دەكەین
و بەگیانی خۆمان ئارامییەكەمان دەپارێزین .
لەگەڵ رێزماندا ..
بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی
٢٠٢٢/٨/٢٥