بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی شۆڕش: پێنەدانی خواردن بە ژمارەیەک خۆبەخش بەهۆی کەمی نەسریەوەیە

بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی شۆڕش لە سلێمانی دەڵێت، پێنەدانی خواردن بە ژمارەیەک لە کارمەندانی خۆبەخش لە نەخۆشخانەکەی بەهۆی “کەمبوونەوەی نەسریەوەیە”؛ هەروەها بۆ ئەوەیە خزمەتگوزارییەکانی دیکە پەکیان نەکەوێت. 

رۆژی دووشەممە 15-8-2022، نووسراوێکی بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی شۆڕش لە سلێمانی، کە سەر بە دەزگای تەندروستی پێشمەرگەیە بڵاوکرایەوە کە تێدا هاتووە: “لەبەر نەبوونی نەسریە و نەمانی پارە لە بانك، تەنیا خۆبەخشەكانی قاوش و چاودێریی ورد دەتوانن لە چێشتخانە نان بخۆن.” دوێنێ یەکشەممەش لە نووسراوێکدا بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکە لەبارەی ئاو خواردنەوەی فەرمانبەرانی گوتی، رۆژانە تەنیا سێ پەرداخ ئاو بۆ فەرمانبەران دابین دەكرێت. 

لەو بارەیەوە، ئەمڕۆ دووشەممە، دکتۆر چالاک قەشانی، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی شۆڕش رایگەیاند: “بەگوێرەی یاسا کارمەندی خۆبەخش ناتوانێت لەو شوێنەی کار دەکات نان بخوات، چونکە لە بەیانی تاوەکو نیوەڕۆ کار دەکات؛ پێشتر وەک هاوکارییەک، خواردنمان بۆ دابین دەکردن، بەڵام ئێستا بەهۆی کەمی نەسریە و بەردەوامیدان بە خزمەتگوزارییەکانی دیکەی وەک نەشتەرگەری، ناچارین هەندێک خەرجی کەمبکەینەوە؛ بۆیە داوامان کردووە بەشێک لە خۆبەخشان لەسەر کار نان نەخۆن، بەڵام ئەوە فەرمانبەران و خۆبەخشەكانی قاوش و چاودێری ورد ناگرێتەوە.”

لەبارەی ئاو خواردنەوەوە، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکە گوتی: “بەگوێرەی یاسا نابێت ئاو بە کارمەند بدرێت ئەوان خۆیان ئاو دەکڕن، بەڵام ئێمە پێشتر وەک هاوکارییەک ئاویشمان بۆ کارمەندان دابینکردووە.”    

لەبارەی نەبوونی نەسریە و پارە لە بانک، دکتۆر چالاک قەشانی گوتی: “لەو بارەیەوە لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە و بانک قسە کراوە و بڕیاریان داوە چارەسەری بکەن.”

رووداو

ھەواڵی زیاتر