کەسوکاری ئەم ژن و پیاوە لەو شۆفێرە خۆشبوون کە بووە ھۆی گیانلەدەستدانیان

“پەیامی سوپاس و پێزانین و لێخۆشبوون”

لەم زەمەنە پڕ ئازار و مەینەتەدا زام و ناسۆرێکی تر زیاد بوو بۆ سەر برینی جەستەمان، ئەسەف لێرە ئامرازەکانی هاتووچۆ لەجیاتی گەیاندن و کەمکردنەوەی ڕێگا و خێرا گەیشتن، کەچی بوونەتە خێراتر گەیشتن بەمەرگ!

جادە و شەقامەکانی ئەم دەڤەرە بوونە تابوتی ڕۆح و کابووسی ژینمان، لەگەڵ هەڵاتنی هەر ڕۆژێکی نوێ دا، دەبێ ببینە شاهیدی مەرگی ئازیزانمان.

لێرە مەرگیشمان بەئاسوودەیی نییە و گۆڕستانەکان پڕن لەو بنیادەمانەی فریای ماڵئاواییش ناکەون بەهۆی ڕووداوە ناخهەژێنەکان.

لە نیوەڕۆی 11ـی 8ی 2022 گەیشتنی هەواڵی لەناکاوی رووداوێکی هاتووچۆ لە دۆڵەبەفرە ئێمەی ڕاچڵەکاند کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی هەردووک هاوسەر ( حسێن حاجی حمدی ئاڵان و سەفیە حاجی پورە مێری ئاڵان )، هەروەها بە سەختی زامداربوونی کچە نازدارەکەیان ( پەنا خان ).

وەک بنەماڵەی کۆچکردوان سوپاس و پێزانینی خۆمان ئاڕاستەی خزمان و دۆستان و هاوشاریان و تەواوی کەسایەتی و لایانانە دەکەین کە بەشداربوون لە مەڕاسیمی بەڕێوەچوونی پرسەکەماندا، ئەوانەش کە بە تەلەفۆن و نامە دەگەڵمان هاوخەم بوون، منەتبارتان کردین و باری قورسی ئەو خەمە ناخهەژێنەتان لەسەر سووک کردین.

وێڕای هەموو سەختییەکان بەڵام چەند جوانە ڕۆحی مەزنی لێبووردەیی و خەڵاتی جوانی لێخۆشبوون، سەرەڕای هەموو کۆژان و ئازارەکان بەڵام وەک خانەوادە و کوڕی جوامێری کاکە حسێن و سەفیەخان، کاک شوانەی برای کاک حسێن و مام حاجی پورەمێرێ باوکی سەفیە خان، بەدەم میهرەبانی و سۆزی پڕ جوانی و لوتفەوە، لەدڵێکی پاکەوە کە جوانی لێ هەڵدەقوڵێت بڕیارماندا لێخۆشبوون بکەینە دیاری و خەڵات بۆ لایەنی بەرامبەر.

“لەجیات هەردوو بنەماڵەی کۆچکردوو“

ھەواڵی زیاتر