سەرۆکی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکانی ئەوروپا رایگەیاند، لە کۆی 93 سەرنشینی ئەو یەختەی لە یۆنان ژێرئاو کەوت، تەنیا 29یان رزگارکراون و 64 کەسیان بێسەروشوێنن کە سێ بەشیان کوردن.
بەکر عەلی، سەرۆکی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکانی ئەوروپا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، کاژێر 5:00ی بەیانیی دوێنێ چوارشەممە یەختەکە تێکشکاوە، هۆیەکەشی شەپۆلی دەریا و خراپی یەختەکە بووە، “ئێمە لەڕێگەی نوێنەرمانەوە، زانیاریمان لە رزگاربووانی یەختەکە وەرگرتووە.”
بە گوتەی سەرۆکی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکانی ئەوروپا، یەختەکە لە باشووری دوورگەی رۆدووس تووشی ئەو رووداوە بووە و 93 سەرنشینی تێدا بووە کە کورد، ئەفغانی و ئێرانی بوون و “سێ بەشیان کوردن.”
سەرۆکی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکانی ئەوروپا ئاماژەی بەوە کرد، “29 کەس رزگار کراون و 27یان گواستراونەتەوە بۆ دوورگەی کۆس، دوو کەسی دیکە گواستراونەتەوە بۆ دوورگەی کارپاسۆس، کە تۆمەتبارن بەوەی قاچاخچین.”
لەبارەی سەرنشینەکانی دیکەوە بەکر عەلی ئەوەی خستەڕوو، “64 سەرنشین بێسەروشوێنن و هێزی دەریاوانیی یۆنان و تورکیا بەدوایاندا دەگەڕێن، بەڵام تائێستا هیچیان نەدۆزیوەتەوە.”
یەختەکە لە دوورگەیەکی تورکیا سەرنشینەکانی هەڵگرتووە و ئەوانەی رزگار کراون سەرجەمیان پیاون. سەرۆکی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکانی ئەوروپا دەڵێت، “کوردەکانی نێو یەختەکە هەموویان خەڵکی باشووری کوردستانن و بەشێکیان خەڵکی سنووری راپەڕینن، بە دیاریکراوی خەڵکی سنووری حاجیاوان کە ژن و منداڵیشیان تێدایە.”
رۆژی چوارشەممە 10ی ئاب، بەرپرسانی ئاسایشی کەناراوەکانی یۆنان رایانگەیاند، دوای رووداوەکە دەستیان بە هەوڵێکی جیددی کردووە بۆ رزگارکردنی ئەو کۆچبەرانە و لە قۆناخی یەکەمدا 29 کەسیان رزگار کردووە کە هەموویان پیاون و هاووڵاتییانی عێراق، ئەفغانستان و ئێرانن.
هەر بەپێی گوتەی ئەو بەرپرسە یۆنانییانە، بەلەمەکە لە کەناراوەکانی ئەنتاڵیاوە بەڕێکەوتووە و ئامانجی گەیشتن بووە بە ئیتاڵیا.
تورکیا بەردەوام یۆنان تۆمەتبار دەکات بەوەی کۆچبەران لەنێو ئاودا بەرەو تورکیا پاڵ پێوەدەنێت و کارەکە بە شێوەیەکی نابەرپرسیارانە دەکات، کە هەندێکجار دەبێتە هۆی ژێرئاوکەوتنیان. لە بەرامبەردا بەرپرسانی یۆنان ئەوە بە تووندی رەتدەکەنەوە و بە پڕوپاگەندەی تورکەکان لە قەڵەمی دەدەن.
بەگوێرەی ئاماری فەرماندەیی ئاسایشی کەناراوەکانی تورکیا، لە پێنج مانگی یەکەمی ئەمساڵدا شەش کۆچبەر لە دەریای ئیجە لە هەوڵی گەیشتنیان بۆ یۆنان خنکاون، سێ هەزار و 419 کۆچبەر و 74 قاچاخچی دەستگیرکراون کە 41یان بیانین.
هەروەها بەگوێرەی ئامارێکی وەزارەتی ناوخۆی تورکیا کە رۆژی 09-06-2022 بڵاوکراوەتەوە، لە سەرانسەری تورکیا و باکووری کوردستاندا پێنج ملیۆن و 497 هەزار و 733 کۆچبەر و پەنابەر هەن. لە ماوەی پێنج ساڵدا 644 هەزار و 131 کۆچبەر چوونەتە ئەوروپا. یەک ملیۆن و 427 هەزار و 309 کۆچبەر لە ناوخۆی تورکیا دەستگیرکراون و لەو ژمارەیەدا 324 هەزار و 606 کۆچبەر دیپۆرت کراونەتەوە.
رووداو