ڕوونكردنەوەیەك لەوەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانەوە

ماوەیەكە لەلایەن كەسوكاری شەهیدان و قوربانیانی تاوانەكانی جینۆساید و ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنی، پرسیار دەكرێت لەبارەی ڕوفاتی قوربانیانی تاوانەكانی ئەنفال كە لە گۆڕە بەكۆمەڵەكانی باشوری عێراق زیندەبەچاڵ كرابوون.

هەر لەسەرەتای دەستبەكاربوونی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان ئەركی گەڕان بەشوێن چارەنووسی قوربانیانی ئەو تاوانانە و دۆزینەوەی گۆڕە بەكۆمەڵەكان و دواتریش هەڵدانەوەیان لەچوارچێوەی تیمی نیشتمانی هەڵدانەوەی گۆڕەبەكۆمەڵەكانی عێراق، بەپێی یاسای پاراستنی گۆڕە بەكۆمەڵەكان ژمارە (5)ی ساڵی ( 2006) , هێنانەوەی ڕوفاتی شەهیدەكانی بۆ كوردستان كردۆتە پێشینەی كارەكانی ، لەو چوارچێوەیەشدا لەساڵی (2019) و لەكاتی دۆزینەوەی ژمارەیەك گۆڕی بەكۆمەڵ لە بیابانی سەماوە و بە دیاریكراوی لەناوچەی (تل الشیخیە)، بەڕێوەبەرایەتی گۆڕەبەكۆمەڵەكانی وەزارەتمان بەهەماهەنگی دەزگای شەهیدانی عێراق تیمەكانیان ناردە شوێنی گۆڕەكان و بەشداربوون لەهەڵدادانەوەی گۆڕەكان و گواستنەوەی ڕوفاتی (171)شەهیدی جینۆسایدکراو بۆ پزیشكی دادی بەغداد بەمەبەستی ئەنجامدانی شیكاری و گرتنەبەری ڕێكارە یاسایی و زانستیەكان و دواتر هێنانەوەیان بۆ كوردستان.
بەڵام بەهۆی سەرهەڵدان و بڵاوبوونەوەی پەتای كۆرۆنا (کۆڤید ١٩)ەوە بۆ ماوەیەك ئەو كارە دواكەوت و پاش ڕەوینەوەی ئەو پەتایە وەزارەتمان بەهەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندارەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان ، ئامادەكاری پێویستی ئەنجامدا بۆ هێنانەوەی شكۆمەندانەی ڕوفاتەكان و بەخاكسپاردنەوەیان لە زێدی خۆیان.
بۆ ئەم مەبەستەش جارێكی تر شاندی وەزارەت و پزیشكی دادی هەولێر لە مانگی ئاداری ئەم ساڵدا سەردانی دەزگای شەهیدانی عێراقیان كردوو گفتوگۆ لەسەر ئەم بابەتە كرا و بڕیاردرا لەماوەیەكی نزیكدا لەڕێوڕەسمێكی شایستەدا ئەو ئەركە نیشتمانیە بگاتە ئەنجام.
بەڵام جێی داخە كە ژمارەیەك پەرلەمانتاری كورد لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و ژمارەیەك بەناوی كەس وكاری قوربانیان نامەی ناڕەزاییان لەگەڕاندنەوەی ڕوفاتەكان دایە دەزگای شەهیدانی عێراق، كە ڕازی نین بەو ڕێكارانەی پێشتر گیراونەتەبەر بۆ هێنانەوەی رووفاتی شەهیدانی گۆرەبەکۆمەڵەکان و شەهیدانی جینۆسایدكراو گرفتیان بۆ ئەو پڕۆسەیە دروست كرد.

بۆ ئەم مەبەستە بەڕێز وەزیری شەهیدان و ئەنفالكراوان كۆبوونەوەی لەگەڵ بەڕێز جێگری سەرۆك وەزیران كرد و تیایدا گفتووگۆی چڕوپڕ لەم بارەیەوە كرا و وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالكراوان جەخت لەسەر پێویستی گەڕاندنەوەی ئەو ڕوفاتانە دەكاتەوە كە ژمارەیان (171)ڕوفاتە و هەموو ئامادەكاریەكیشی بۆ ئەم مەبەستە ئەنجامداوە و هەوڵەكانیش بەردەوام دەبێت بۆ هێنانەوەی ئەو ڕوفاتانە.

وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان


ھەواڵی زیاتر