ئەمڕۆ سێشەممە ٩ ی ئابی ۲۰۲۲، ئاوات جەناب نووری وەزیری دارایی و ئابووری لە دیوانی وەزارەت لەگەڵ هەریەک لە بەڕێزان (دێڤد کۆدڵ) بەرپرسی بەشی سیاسی-ئابووری و (هيث بێڵى) سەرۆکی یەکەی ئابووری و (سێث پاچ) سەرۆکی پێشووى یەکەی ئابووری لە كونسوڵخانەی گشتی ئەمریكا لە هەرێمی كوردستان کۆبووە.
لە سەرەتاى کۆبوونەوەکە، ئاوات جەناب نورى وەزیرى دارایی و ئابوورى بەخیرهاتنى شاندى میوانى کرد و بە بۆنەى دەستبەکاربوونى (دێڤد کۆدڵ) بەرپرسی بەشی سیاسی-ئابووری هیواى سەرکەوتنى لە ئەرکە نوێیەکەى بۆ خواست.
شاندی میوان دوا پێشهات و گۆڕانکارییەکانی دۆخی سیاسی و ئابووری هەرێم و پرسى پیێکهێنانى کابینەى داهاتووى حکومەتى فیدڕاڵیان تاوتوێ کرد.
وەزیری دارایی و ئابووری باسی لەوەشکرد، یەکێک لە دەستکەوتەکانى وەزارەتى دارایی و ئابوورى لە کابینەى نۆیەم، توانیویەتى ببێتە فاکتەرێکى بەهێز بۆ جێبەجێ کردنى یاسای چاکسازى.
هاوکات ئاوات جەناب نووری ئەوەشی دووپات کردەوە وەزارەتى دارایی توانیویەتى داهاتى ناوخۆ زیاد بکات و خەرجیەکان کەم بکاتەوە.
لە کۆتاییدا، شاندی میوان پشتگیری خۆیان بۆ وەزارەتی دارایی و ئابووری دەربڕی و سوپاسى وەزیرى دارایی و ئابووریان کرد کە توانیویەتى هەنگاوى ئەرێنى بە ئاراستەى جێ بەجێ کردنى یاسای چاکسازى بنێت و ئاماژەشیان بەوەدا هاوکارێکى بەهێز دەبین بۆ بەرەو پێشبردنى تواناى فەرمانبەرانى وەزارەتى دارایی و ئابوورى.
ھەواڵی ڕابردوو
ھەواڵی داھاتوو
ھەواڵی زیاتر