پەرلەمانتارێكی پارتی دیموکراتی کوردستان، ڕایدەگەیەنێت، دەسەڵات لە حکوومەتێک وەرناگیرێتەوە، کە شەرعییەتەکەی گەل و ھەڵبژاردن بێت. ئاماژە بەوەش دەدات، ئاهەنگی دوێنێی خەڵکی شاری هەولێر پەیامێکی روونە بۆ ئەو کەسانەی، کە خەون بە تێکدانی قەوارەی هەرێمی کوردستانەوە دەبینن.
پەرلەمانتار، د.ڕێبوار بابکەیی ڕایگەیاند، هیچ هێزێک ناتوانێ دەسەڵات لە حکوومەتێک وەربگرێتەوە، کە شەرعییەتەکەی گەل و ھەڵبژاردن بێت، چونکە ئەوە گەلە قبووڵی ناکات، گوتیشی: ”ئاھەنگی دوێنێی ھاووڵاتییانی سەربەرزی شاری ھەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان، پەیامێکی ڕوونە بۆ ئەو کەسانەی، کە خەون بە تێکدانی قەوارەی هەرێمی کوردستان دەبینن.“
بابکەیی ڕاشیگەیاند، ئەو کەسانەی ناوە ناوە لایڤ دەکەنەوە و بە دەموچاوێکی پڕ مکیاج و تەجمیلکراو و قژێکی جەلیکراو دەردەکەون و ھەڕەشە لە ئاسایش و ئارامیی ھەولێر و هەرێمی کوردستان دەکەن، ئیتر دەبێت باش ئەوە بزانن، کە دەسەڵات لە حکوومەتێک وەرناگیرێتەوە، كە شەرعییەتەکەی گەل و ھەڵبژاردن بێت.
گوتیشی: ”رێگەی گەیشتنیش بە دەسەڵات تەنیا ھەڵبژاردنە، نەک نۆکەریکردن و گواستنەوەی ئەزموونی شکستخواردووی عێراق بۆ کوردستان، چونکە خەڵکی بەشەڕەفی کوردستان ئەو سیاسەتەیان رەت کردووەتەوە، کە ھەموو ئامرازێک لەپێناو گەیشتن بەدەسەڵات قبووڵ بکەن، تاکە ڕێگەی گۆڕینی دەسەڵات لە هەرێمی کوردستان سندووقەکانی هەڵبژاردنە، فەرموون ئێستا وادەی هەڵبژاردنە، بزانن کێ شەرعییەت لە گەل وەردەگرێت.“
باس نیوز