سەرۆک بارزانی بۆ پلاسخارت: پارتی ئامادەیە تەنانەت سبەی هەڵبژاردن بکرێت

سەرۆك بارزانی پێشوازی لە نێردەی تایبەتی سكرتێری گشتیی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان دەكات

ڕۆژی دووشەممە 1ی ئابی 2022 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە جنین پلاسخارت نێردەی تایبەتی سكرتێری گشتیی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ كاروباری عێراق كرد.

لە دیدارەكەدا نێردەی تایبەتی سكرتێری گشتیی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان بە بۆنەی یادی 39 ساڵەی جینۆسایدكردنی بارزانییەكان سەرەخۆشیی لە سەرۆك بارزانی كرد و جەختی لەوە كردەوە كە هەموو هەوڵی خۆی لە ناوەندە نێودەوڵەتیییەكان دەدات بۆ بەجینۆسایدناساندنی ئەو تاوانە.

هەر لەو دانیشتنەدا بیروڕا لەبارەی بارودۆخی سیاسیی عێراق و دواپێشهاتەكان ئاڵوگۆڕ كرا و جەختیش لەوە كرایەوە كە پێویستە بۆ چارەسەركردنی گرفتەكان دەستوور بنەمای لەیەكتێگەیشتن بێت.

هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستان تەوەرێكی تری ئەو دانیشتنە بوو و سەرۆك بارزانی ئەوەی دووپاتكردەوە كە دەبێ بەربەستەكانی بەردەم هەڵبژاردن نەمێنن و هەڵبژاردن لە زووترین كاتدا ئەنجام بدرێت و دەبێ مافی پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكانیش پارێزراو بێت. بۆ ئەو مەبەستەش پارتی ئامادەیە تەنانەت سبەی هەڵبژاردن بكرێت.

ھەواڵی زیاتر