پلاسخارت: تورکیا ئامادەیە کێشە هاوبەشەکان لەگەڵ عێراق چارسەر بکات

جێنین پلاسخارت، نێرده‌ی نه‌ته‌وه‌ به‌كگرتووه‌كان له‌ عێراق دوای كۆبوونه‌وه‌كه‌ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایش له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاشكرای كرد، تورکیا ئامادەیە کێشە هاوبەشەکان لەگەڵ عێراق چارسەر بکات.

پلاسخارت له‌ راگه‌یه‌نراوه‌كه‌دا ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، من لەوە تێدەگەم کە تورکیا ئامادەیە کێشە هاوبەشەکان لەگەڵ عێراق چارسەر بکات، بۆ ئەوەی روویدا، جارێکی دیکە روونەداتەوە.

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، وەک پێشتریش چەندین جار گوتوومە، ناکرێت عێراق لەلایەن ئەکتەرە هه‌رێمایه‌تییەکانه‌وه‌ وەک گۆڕەپانی یەکلاکردنەوەی کێشەکان بەکاربهێنرێت و سەروەرییەکەی پێشێل بکرێت و یەکگرتوویی خاکی عێراق بخرێتە مەترسییەوە.

نێرده‌ی نه‌ته‌وه‌ به‌كگرتووه‌كان له‌ عێراق روونیكرده‌وه‌، گرنگە هەموو هێرشەکان لەسەر خاکی عێراق رابگیرێن، ئەو دەستدرێژیانە نەک ئاڵۆزی لە ناوچەکەدا دروستن دەکەن، بەڵکو تراژیدیای مرۆییش بەدوای خۆیدا دەهێنێت.

دوێنێ سێشه‌ممه‌ ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان كۆبوونه‌وه‌یه‌كی تایبه‌تی له‌ باره‌ی تۆپبارانكردنی هاوینه‌هه‌واری “په‌ره‌خ”ی له‌ زاخۆ ئه‌نجامدا، له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق رایگه‌یاند، “هێرشی رۆژی 20ی ئەم مانگە بۆ سەر گوندێکی گەشتیاری لە دهۆک زۆر گەورە بوو، خەڵکی توڕە کرد، بۆیە دەبێت سوپای تورکیا لە عێراق بکشێتەوە، نەتەوە یەکگرتووەکان و وڵاتانی دیکەش دەبێت هاوکار و پشتیوانی عێراق بن، بۆ ئەوەی دڵنیابین لەوەی تورکیا و پەکەکە شەڕی خۆیان ببەنە دەرەوەی عێراق”.

هاوكات هه‌ر له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌، ونجو کێچەلی، نوێنەری تورکیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، “پەکەکە گوێ لە حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان ناگرێت، مامەڵەی خراپیش لەگەڵ خەڵکی ئەو ناوچانە دەکەن، کە لە ژێر دەسەڵاتی ئەواندان، رێگە بە حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستانیش نادات بچنە ئەو ناوچانە”.

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، “راستیەکە ئەوەیە، حکومەتی عێراق ناتوانێت سەروەرییەکەی لە چەند ناوچەیەکی وڵات بپارێزێت، پەکەکە کۆنتڕۆڵیی ناوچەیەکی 10 هەزار کیلۆمەتر چوارگۆشەی لە عێراقدا کردووە و نزیکەی 800 گوندیش بەهۆی پەکەکەوە چۆڵکراون”.

k24

ھەواڵی زیاتر