شارەزایەکی بواری کەشناسی چەند زانیارییەک لەسەر بەردەوامی شەپۆلی گەرما و ھاتنی ھەوایەکی فێنک لە ناوەراستی ھەفتەی ئایندە ئاشکرا دەکات.
ئەمڕۆ شەممە 2022/7/16 ئاراس جەبار، شارەزای بواری کەشناسی رایگەیاند: “سەرەتا کاریگەری ئەم شەپۆلە گەرمایە پێشبینی دەکرێت تا کۆتایی ئەم ھەفتەیە رۆژی ھەینی 22/7/2022، بەردەوامی ھەبێت و پلەکانی گەرما لەم ماوەیەدا زیاتر جێگیر دەبێت و گۆرانکارییەکی ئەوتۆی بەسەردا نایەت”.
ئەوەشی راگەیاند: “بەگشتی لە رۆژانی سەرەتای ھەفتەی ئایندەدا نزمبوونەوەی پلەکانی گەرما دەستپێدەکاتەوە تا رادەیەک کاریگەریی ئەم شەپۆلە گەرمایە کەمدەبێتەوە”.
ئاماژەی بەوەشکرد: “پێشبینی دەکرێت لە ناوەراستی ھەفتەی داھاتوو رۆژانی 24 بۆ 26ی ئەم مانگە بارستە ھەوایەکی سارد کە سەرچاوەکەی رۆژھەڵاتی ئەورووپایە بەسەر باکووری وڵاتی تورکیاوە بۆ سەر ناوچەکانمان درێژببێتەوە و لە ئەنجامی کاریگەرییەکانی پلەکانی گەرما لەو مەودایەدا بەرێژەیەکی بەرچاو لەنێوان 4 تا 6 پلە نزمدەبنەوە و لەسەنتەری پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان ئەگەر ھەیە بۆ خوار ئاستی چلەکان دابەزێت و کەش تارادەیەک فێنک بکاتەوە”.
ئەوەشی خستەڕوو: “ئەم ھەوایە ھەندێ شێ و بارانیش لەدەریای رەشەوە دەھێنێ بۆ سەر ناوچە شاخاوییەکانی کوردستانی باکوور و باکووری رۆژئاوای ئێران و لەو ناوچانەدا کاریگەری ھەواکە ساردتر دەبێت و پلەکانی گەرما 8 تا 12 پلە نزمدەبنەوە وە لە 27ی مانگەوە کاریگەری نامێنێت و بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما بەشێوەیەکی ئاسایی دەستپێدەکاتەوە”.