کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان زیاتر لە 884 پڕۆژەی جێبەجێ کردووە


ئەمڕۆ یەکشەممە 10ـی تەمووزی 2022، سێ ساڵ بەسەر کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان تێدەپەڕێت، لەم سێ ساڵەشدا زیاتر لە 884 پڕۆژە جێبەجێ کراون.

لە گوتاری پێکهێنانی حکومەتدا مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: هەموو کارێک لەپێناو بەرژەوەندی خەڵک دەکەن و تەنیا ئامانجیشمان خزمەتکردنیانە.

لە سێ ساڵی تەمەنی کابینەی نۆیەمدا زیاتر لە 884 پڕۆژە جێبەجێ کراون، تێچووی سەرجەم پڕۆژەکانیش 840 ملیار دینار بووە.

پڕۆژەکانی رێگەوبان لە کابینەی نۆیەمدا پشکی شێریان بەرکەوتووە و زۆرترین پارەیان بۆ خەرجکراوە، تێچووی پرۆژەکانیش 392 ملیار دینار بووە.

لەلایەکی دیکەوە، تێچووی پڕۆژەکانی شارەوانی 282 ملیار دینار و پڕۆژەکانی تایبەت بە کەرتی کارەباش 25 ملیار دینار بووە.

هەروەها لەپێناو هاوکاریکردنی جووتیاران، چەند سایلۆیێک لە هەرێمی کوردستان دروستکراون، کە تێچوویان 37 ملیار دینار بووە.

کابینەی نۆیەم 26 ملیار دیناری بۆ کەرتی پەرەوەردە خەرجکردووە، لە پڕۆژەکانی نیشتەجێبوونیشدا 25 ملیار دینار و بەنداوەکانیش 22 ملیار دیناری خەرجکردووە.

پڕۆژەکان بەگوێرەی پێویستی پارێزگاکان ئەنجامدراون، لە پارێزگای هەولێر 299 پڕۆژە، لە پارێزگای سلێمانی 277 پڕۆژە، لە پارێزگای دهۆک 233 پڕۆژە و لە هەڵەبجەش 69 پڕۆژە ئەنجامدراون، جگە لەمانەش 6 پرۆژەی گشتی ئەنجامدراون. 

سەرەڕای جێبەجێکردنی پرۆژەکان و هاوکاریکردنی جوتیاران و دابینکردنی 800 ملیۆن لیتر گازوایل بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا، لەماوەی ساڵانی 2021-2022 حکومەتی هەرێمی کوردستان 570 ملیۆن دۆلار قەرزی داوەتەوە. 

سەبارەت بە چوونی بەرپرسانی حکومی بۆ پەرلەمان و وەڵامدانەوەی پرسیاری پەرلەمانتاران، لە کابینەی نۆیەمدا 96 جار بەرپرسانی باڵای حکوومەت و وەزیرەکان چوونەتە پەرلەمان و 275 جار بەشداری کۆبوونەوەی لیژنەکانی پەرلەمانیان کردووە.

پەرلەمانتارانی هەرێمی کوردستان 4 هەزار و 313 پرسیاریان ئاراستەی وەزیرانی حکومەتی هەرێم کردووە، لەو ژمارەیەش حکومەت وەڵامی 3 هەزار و 862 پرسیاری داوەتەوە.

k24

ھەواڵی زیاتر