دانیمارك.. چه‌كدارێك له‌ سه‌نته‌رێكی بازرگانی سێ کەس دەکوژێت

پۆلیسی دانیمارك رایگه‌یاند، كه‌سێك له‌ سه‌نته‌رێكی بازرگانی ته‌قه‌ی له‌ خه‌ڵك كردووه‌، به‌هۆیه‌وه‌ 3 كه‌س كوژراون و ژماره‌یه‌كی دیكه‌ش بریندارن، دوای ئه‌وه‌ ده‌ستگیركراوه‌.

به‌ گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوێكی پۆلیسی كۆپنهاگن-ی پایته‌ختی دانیمارك، بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ته‌قه‌كه‌ره‌كه‌ی “سه‌نته‌ری فیلدز”ی بازرگانی هێزێكی ئه‌منییان ناردووه‌ و داوایان له‌ خه‌ڵكه‌كه‌ كردووه‌، له‌ شوێنی خۆیان بمێننه‌وه‌، چاوه‌ڕێی به‌هاناوه‌چوون بكه‌ن.

ئاماژه‌ به‌وه‌ش كراوه‌، دوای هێرشه‌كه‌، 3 كه‌س له‌ رووداوه‌كه‌ كوژراوه‌ و ژماره‌یه‌كیش بریندار هه‌ن، ته‌قه‌كه‌ره‌كه‌ش ده‌ستگیركراوه‌، كه‌ ته‌مه‌نی 22 ساڵه‌، به‌بێ ئه‌وه‌ی ناوه‌كه‌ی ئاشكرا بكرێت.

له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌وه‌ چه‌ند گرته‌یه‌ك بڵاوكرایه‌وه‌، كه‌ خه‌ڵك له‌ ترسی ته‌قه‌كه‌ره‌كه‌ له‌ سه‌نته‌ره‌ بازرگانییه‌كه‌ راده‌كه‌ن، له‌ گرته‌یه‌كی دیكه‌ش ده‌ركه‌وتووه‌، ته‌قه‌كه‌ره‌كه‌ له‌سه‌ر پلیكانه‌یه‌ك دێته‌ خواره‌وه‌ و ته‌قه‌ ده‌كات، بۆ ئه‌مه‌ش پۆلیس هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی له‌ سه‌نته‌ره‌كه‌ بڵاوكرده‌وه‌، تا ته‌قه‌كه‌ره‌كه‌یان ده‌ستگیركرد.

k24

ھەواڵی زیاتر