پارتی و یەکێتی ڕێککەوتن

پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەبارە پێکهێنانی حکومەتی داهاتوی عێراق ڕێککەوتن.

بەپێی زانیارییەکان، هەردولا ڕێککەوتون لەسەر دیاریکردنی کاندیدێک بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار کە هەردولا پێی ڕازی بن.

 بەپێی زانیاریەکان، پێدەچێت سەرکردایەتی یەکێتی ڕای خۆی گۆڕی بێت و بەرهەم ساڵح بکشێنێتەوە.

پێشتر باڵكێش هەواڵێکی لە سەرچاوەیەکی ناو یەکێتییەوە گواستەوە کە گوایە بەرهەم ساڵح، لە بەرامبەر کشانەوە لە پۆستی سەرۆک کۆمار، داوای پۆستی هاوسەرۆکی یەکێتی کردوو. بەڵام بافڵ تاڵەبانی ڕازی نەبووە.

ئەمڕۆ 02-07-2022، سەرۆک مەسعود بارزانی لە سەلاحەدین لەگەڵ فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق کۆبووەوە. بەگوێرەی بارەگای بارزانی، بارودۆخی سیاسی عێراق و دوایین ھەنگاو و گۆڕانکارییەکانی نێو پڕۆسەی سیاسی عێراق تاوتوێ کراون.

 سەرۆک بارزانی گوتی، “ھەموو پێداگریی و ھەوڵی پارتی لە پڕۆسەی دوای هەڵبژاردن بۆ ئەوە بووە کە ئەنجامی ھەڵبژاردنەکان خزمەتی سەقامگیریی و گوزەرانی ھاووڵاتییان و چارەسەرکردنی کێشەکان بکات.”        

لەبارەی گۆڕانکارییە سیاسییەکان و ئەو پڕەنسیپانەی بەلایانەوە گرنگە، سەرۆک مەسعود بارزانی ئاماژەی بەوە کرد، “گۆڕانکارییە سیاسیەکان و هاوکێشەکان ھەر چۆنێک بن ئێمە خاوەنی دۆزێکی رەواین و پێمانوایە کە دەبێت گرفتەکان لە رێگەی پابەندبوون بە دەستوور و رەچاوکردنی ھەر سێ پڕەنسیپی شەراکەت و تەوافوق و تەوازن چارەسەر بکرێت و ئەم پڕەنسیپانە دەبێت لەسەر کاری حکومەتی داھاتوو و ھەموو کوتلە سیاسییەکان رەنگبداتەوە.” 

سەرۆک بارزانی دووپاتی کردەوە کە “پارتی لەگەڵ ناکۆکی و قووڵبوونی قەیرانەکان نییە، بەڵکو ئەوەی بەلایەوە گرنگە پاراستنی مافە دەستوورییەکان و کەرامەتی ھاووڵاتییانە.” 

ھەواڵی زیاتر