پاڵپشتیكردنی نرخی بەنزین بەردەوام دەبێت

پاڵپشتیكردنی نرخی بەنزین بەردەوام دەبێت و لێژنەكانی وەزارەت چاودێریی توندی كوالێتی بەنزین دەکەن

رێبین زەنگەنە بەڕێوەبەری گشتی كارگێڕی و دارایی لەوەزارەتی سامانە سروشتیەكان رایگەیاند: وەزارەتی سامانە سروشتیەكان لەسەر دابینكردنی بەنزین بەنرخی پاڵپشتیكراو بەردەوام دەبێت، سەرۆک وەزیران لەكۆبوونەوەی ژمارە 84ی ئەنجومەنی وەزیراندا، کەمال محەمەد ساڵح وەزیری سامانە سروشتیەكانی راسپارد بەخستنەگەڕی تەواویی تواناكانی وەزارەت بۆ دابەزاندنی نرخی بەنزین و كۆنترۆڵكردنی نرخەكان بەرەچاوكردنی كوالێتی و رێنماییەكانی وەزارەتی سامانە سروشتیەکان و ڕێگاگرتن لەقۆرخکاریی، راستەوخۆ وەزارەتی سامانە سروشتیەكان رۆژانە بەنرخی پاڵپشتیكراو 3 بۆ 3,5 ملیۆن لیتر بەنزینی بۆ پارێزگاكانی كوردستان و ئیدارە سەربەخۆكان دابین كرد، بەمەش حكومەتی هەرێمی كوردستان مانگانە نزیكەی 19 ملیۆن دۆلار پاڵپشتی نرخی بەنزینی 800 دیناری کرد بۆ ئەوەی قەرەبووی ئەو ملیۆن و 80 هەزار لیترە بەنزینە بكرێتەوە كە پێشتر بەغدا بەنرخی 650 هەزار دینار بۆ هەرێمی دەناردو بێ هیچ بیانوویەك ئەو بەشە بەنزینەی بڕیوە لەكاتێكدا عێراق لەسەر بودجەی سیادیی پاڵپشتی بەنزین دەكات و پێویست بوو پشكی هەرێمی كوردستان دابین بکرێت.
بەڕێوەبەری گشتی كارگێڕی و دارایی سامانە سروشتییەكان سەبارەت بەكوالێتی بەنزین وتی: لێژنەی باڵای چاودێری كوالێتی بەنزین دەستی بەكارەكانی كردووەو لەهەموو پارێزگایەكیش بەهەماهەنگی لەگەڵ پارێزگار و یەكە ئیدارییەكان لیژنەکانی چاودێری کوالێتی بەڕێوەبەرایەتی نەوت و کانزاکان سەردانی بەنزینخانەكان دەكەن ، بۆ کۆنترۆڵکردنی کوالێتی بەنزین و رەچاوکردنی مواسەفاتەکان تێستی كوالێتی بەنزین بەشێوەیەکی فراوانترو چڕتر دەكرێت، هەر بەنزینخانەیەكیش پێچەوانەی رێنماییەكانی وەزارەتی سامانە سروشتیەكان و ئەو كوالێتی یە كارپێكراوانەی كە دانراون و رەچاوی تەندروستی هاوڵاتیان و پاراستنی ژینگە نەكات بەپێی جۆری سەرپێچیەكە سزا دەدرێت و تا سزای داخستنی بەنزینخانەكە ئیجرائاتی لەگەڵ دەكرێت.

ھەواڵی زیاتر