مەسرور بارزانی سەردانی وەزارەتی دارایی و ئابووری دەکات

سەرۆکی حکومەت :
سەرەڕای قەیرانەکان، ئێمە نەوەستاین و بەردەوامبووین لە چاکسازی و بە هۆی ڕێکخستنەوەی داهاتی ناوخۆ و کەمکردنەوەی خەرجی، توانیمان سەربکەوین و ئیدارەی خۆمان بدەین.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 23ی حوزەیران، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە چوارچێوەی سەردانەکانیدا بۆ وەزارەت و فەرمانگەکانی حکومەت، سەردانی وەزارەتی دارایی و ئابووری کرد و لەلایەن ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری، پێشوازی لێ کرا.
دواتر سەرۆکی حکومەت، بە ئامادەبوونی وەزیر و بریکاری وەزارەت و ڕاوێژکاران و بەڕێوەبەرە گشتییەکان، سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە وەزارەتی دارایی و ئابووری کرد.
لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا، وەزیری دارایی و ئابووری، کورتەیەکی دەربارەی پەیکەر و بەشەکان و کار و چالاکی و پلان و پڕۆژەکانی وەزارەت و کارکردنیان لە چوارچێوەی هێڵە گشتییەکانی کارنامە کابینەی نۆیەم پێشکەش کرد و ئاماژەی بەوەدا، کە بەشێکی زۆری جێبەجێکردنی پرۆسەی چاکسازی لە ئەستۆی وەزارەتی دارایی و ئابوورییە کە بە هاوکاری و پشتیوانی بەهێزی سەرۆکی حکومەت، توانیویانە لە هەردوو بواری کەمکردنەوەی خەرجی و زیادکردنی داهات، پێشکەوتن بەدەست بهێنن.
سەرۆکی حکومەت لە وتەیەکدا، باسی لەوە کرد کە هەر لە سەرەتای دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەم، بڕیارماندا چاکسازی بکەین و دەستیشمان پێکرد، بەڵام بەداخەوە بەهۆی تەشەنەکردنی کۆرۆنا و سەرهەڵدانی قەیرانی دارایی، لە سەرەتادا چاکسازییەکە بە شێوەیەکی خێرا نەبوو، بەڵام سەرەڕای قەیرانەکانیش ، ئێمە نەوەستاین و بەردەوامبووین لە چاکسازی و بە هۆی ڕێکخستنەوەی داهاتی ناوخۆ و کەمکردنەوەی خەرجی، توانیمان سەربکەوین و ئیدارەی خۆمان بدەین، بە بێ ئەوەی پەنا بۆ قەرزرکردن ببەین بۆ ئەوەی هیچ بەرپرسیاریێتی و بارگرانییەک بۆ نەوەکانی داهاتوو دروست نەکەین.
سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بە کەمکردنەوەی خەرجییە ناپێویستییەکانی حکومەت کرد کە لە دووسەد ملیۆن دۆلارەوە بووەتە حەفتا ملیۆن دۆلار، کەمکردنەوەی ئەو 130 ملیۆن دۆلارەی خەرجی و گەڕاندنەوەی بۆ گەنجینەی گشتیش، نەبووەتە هۆی ئەوەی ڕاییکردنی کاروبارەکانی حکومەت پەکی بکەوێت.
سەرۆکی حکومەت دووپاتی کردەوە، کە داهاتیش لەم ماوەیە بەشێوەیەکی ڕێژەیی باشتربووە، بەڵام دەکرێ زۆر زیاتریش بێت لە چوارچێوەی کارنامەی حکومەت بۆ هەمەجۆرکردنی ئابووری و سەرچاوەکانی داهات و زیادکردنی داهاتی نانەوتی، کە زۆر ڕێگە هەن بۆ زیادکردنی داهات، بەبێ ئەوەی هیچ بارگرانییەک لە سەر هاووڵاتییان دروست بکات.
سەرۆکی حکومەت ڕوونیکردەوە کە کابینەی نۆیەم، هیچ باجێکی نوێی نەسەپاندووە بەڵکو تەنیا یاساکانی باجی جێبەجێ کردووە کە پێشتر جێبەجێ نەکراون. جەختیشی لەوە کردەوە کە جێبەجێکردنی یاساکانی باج، لە قازانجی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستانە، چونکە دەبێتە هۆی زیادبوونی داهات و داواجار لە خزمەتی هاووڵاتییان خەرج دەکرێت، بۆ نموونە مووچەی پێ دەدرێت و جووڵەی بازرگانی گەشە دەکات و هەل و دەرفەتی کار زیاتر دەبێت .
لە تەوەرێکی دیکەدا، سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بە گرنگیی کاراکردن و چاکسازیکردن لە سیستمی بانکی و بەدیجیتەڵکردنی خزمەتگوزارییەکان و خەرجی و داهاتەکانی حکومەت کرد کە هەنگاوێکی گرنگە بۆ ڕوونی و شەفافیەت و کەمکردنەوەی ڕووتین و ڕێگریکرتن لە بەهەدەردانی سامانی گشتی.

ھەواڵی زیاتر