د.پروشە شوان پزیشكی گشتی و پسپۆڕی خۆراك و كێش باس لەچەند ڕێنماییەك دەكات بۆ خۆپاراستنی هاوڵاتیان لەسكچوون و ڕشانەوە بەتایبەت كەلەم وەزرەدا پەتایەكی سكچوون و ڕشانەوە بڵاوبۆتەوە.
ئەو پزیشكە دەڵێت پەتای توندی سكچوون و ڕشانەوە بڕێكی زۆر شلەمەنی و كانزا لەجەستە دەكاتە دەرەوە و زۆر گرنگە قەرەبووی لەدەستدانی شلەمەنی و كانزاكان بكرێتەوە بۆ دووركەوتنەوە لەووشكبوونەوە، دەبێت هەموو شلەمەنیە سروشتیەكان و میوە و سەوزەكان لەخواردنەكان جێبكرێنەوە.
ڕێنمایی كاتی تووشبوون بەسكچوون و ڕشانەوە:
- ئەو خواردنانەی لەكاتی توشبوون بەپەتای سكچوون و ڕشانەوە بەكاردەهێنرێت دەبێت ئاسان بێت بۆ هەرسكردن و سووك بێت لەسەر گەدە لەگەڵ دووركەوتنەوە لەبەكارهێنانی ڕۆنی ناتەندروست و بەهاراتی تیژ و زیادە.
- پێویستە ژەمەكان لەشێوەی شۆربای مریشك بێ زیادكردنی زەیت یان شۆربای سەوزەواتی كوڵاو و نەعنا یان نیسك یان برنجی نەرمكراوی بێ ڕۆن بێت.
- ڕۆژانە نەخۆش پێویستی بەدوو لیتر یان زیاتر ئاو هەیە بەپەرداخ یان هەندێك حاڵەت قوم قوم بخورێتەوە، پێویستە ئاگاداربین زۆر خواردنی شلەمەنی و ئاو زۆر بەسەریەكەوە و لەیەك كاتدا دەبێتە هۆی ئەوەی نەخۆشەكە هەست بەدڵتێكهەڵاتن یان ڕشانەوەی زۆر بكات.
- ئەوەی گرنگە لەكاتی سكچوون و ڕشانەوە ئەو خۆراكانەیە بەكاربهێنرێت كە بەپۆتاسیۆم دەوڵەمەندن گرنگترینیان: ئەڤۆگادۆ، شووتی، قەیسی، هەنار، پرتەقاڵ، مۆز، تەماتە، سپێناخ، خەیار، پەتاتە، چەوەندەر ، نیسك، و ماسی.
- یەكێك لەو گیراوە گرنگانەی بۆ ئەم پەتایە دەتوانرێت لەسەرەتای نەخۆشیەكە سوودی لێببینرێت پەرداخێك ئاوی شلەتێنە لەگەڵ نیو لیمۆی گوشراو و كەوچكێك هەنگوینی سروشتی، كەوچكێكی چا لەخوێ.
- ئەو كەسانەی نەخۆشی شەكرەیان هەیە بەزووترین كات سەردانی نەخۆشخانە یان پزیشكەكەیان بكەن، چونكە نەخۆشانی شەكرە زیاتر و زووتر لە كەسانی تر ووشكدەبنەوە لەحاڵەتی سكچوون و ڕشانەوە.
- كاتێك سكچون و ڕشانەوە لەنەخۆشەكە زیاد دەكات و ئاوی لەش زۆر كەم دەبێتەوە و توشی ووشكبونەوە دەبێت، پێویستە سەردانی نەخۆشخانە و پزیشك بكات بۆ چارەسەری كتوپڕی قەرەبووكردنەوەی لەدەستدانی شلە و خوێ و كانزاكان.
د.پروشە شوان باس لەوەدەكات بەگشتی سكچوون و ڕشانەوە ئەگەری وشكبوونەوەی زۆرە لەزۆرینەی حاڵەتەكان، بەڵام هەندێك كەس وەك منداڵ و كەسانی بەتەمەن و تووشبووانی نەخۆشیە درێژخایەنەكان و بەكارهێنەرانی هەندێك دەرمان و ئەو كەسانەی كاری قورس و كارلەبەر خۆردا دەكەن دەبێت زیاتر ئاگاداری تەندروستی خۆیان بن و بەزوترین كات سەردانی پزیشك بكەن لە كاتی زیادبوونی نیشانەكان.
ئەو پزیشكە ڕایدەگەیەنێت لەكاتی پەتای سكچوون و ڕشانەوە و كۆلێرا پێویستە هاوڵاتیان ڕێوشوێنی خۆپارێزی و پاكو خاوێنی بگرنەبەر: - لەحاڵەتەكانی كەمترین گومان لەیسبوونی ئاو دەبێت پێش بەكارهێنانی بكوڵێنرێت بۆ مەبەستی خواردنەوە و چێشت لێنان.
- پێویستە هەموو خۆراكەكان داپۆشراو بن و سەوزە و میوەكان پێش خواردنیان زۆر بەباشی بشۆرێتەوە و پاكبكرێتەوە بەدانانی بۆ ماوەیەك لەناو خوێ یان سركە یان گیراوەی تایبەت.
- دڵنیابوونەوە لەوەی ئەو خۆراكەی بەكاری دەهێنیت لەسەرچاوەیەكی پاك و بەئاوی پاك بەرهەم هێنراوە.
- دووركەوتنەوە لەخواردنی ساردەمەنیەكان و ئەو شەربەتە دروستكراوانەی پاكوخاوێنی و ئاوی بەكارهاتوو و كەرەستەكانی جێی دڵنیایی نیە.
- دووركەوتنەوە لەهەموو سەوزە نەكوڵاوەكان یان مامەڵەكردن لەگەڵ خواردنە نەشۆردراوەكان.
- دەستشووشتنی باش بەتایبەتی پێش نان خواردن و دوای بەكارهێنانی توالێت و خۆ بەدوورگرتن لەهەموو بەركەوتنەكان لەگەڵ كەسانی نەخۆش.