كەمال محمد ساڵح وەزیری كارەبا و وەزیری سامانە سروشتیەكان بەوەكالەت:
لەماوەی یەك هەفتەدا 3 ملیۆن لیتر بەنزین دەخرێتە بازاڕەوە
كەمال محمد ساڵح وەزیری كارەبا و وەزیری سامانە سروشتیەكان بەوەكالەت ئاماژەی بە هەوڵەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان دا كە بۆ كۆنترۆڵكردنی نرخی بەنزین دەنرێت لەم رووەوە وتی : خواستی بەكارهێنانی بەنزین لە هەرێمی كوردستان رۆژانە 5-6 ملیۆن لیترەو وەزارەتی سامانە سروشتیەكان لە (سێ) سەرچاوە بەنزین دابین دەكات كە یەك ملیۆن لیتری لە پاڵاوتگەی (كار) و یەك ملیۆن و 50 هەزار لیتری دیكە بەپێی رێكەوتنێكی نێوان وەزارەتی سامانە سروشتیەكان و وەزارەتی نەوتی عێراق و ئەوی دیكە لەدەرەوەی هەرێم هەناردە دەكرێت، بەڵام ئەوەی تایبەتە بە عێراقەوە لە 45 رۆژە ناردنی ئەو بەنزینە راگیراوە نرخی جیهانی بەنزینیش گرانبووە و خواستی بەنزین لەعێراقیش زیاد بووە.
لەسەر راسپاردەی سەرۆك وەزیران و لەپێناو بەرژەوەندی گشتی و كۆنترۆڵكردنی نرخی بەنزین ئەنجومەنی وەزیران دەسەڵاتی بە وەزارەتی سامانە سروشتیەكان دا چەند بڕیارێكی گرنگی دەربكات، لەوانە دابینكردنی 2ملیۆن لیتر بەنزین بۆ هەولێرو دهۆك و دابینكردنی زیاتر لە 1 ملیۆن لیتر بەنزینی دیكە بۆ سلێمانی و هەڵەبجە و لەگەڵ كۆمپانیایەكیشدا رێككەوتووین كە 2 تا 3 ملیۆن لیتر بەنزینی دیكە دابین بكات.
وەزیری سامانە سروشتیەكان ئەوەشی راگەیاند كە پێشبینی دەكرێت لەماوەی هەفتەیەكدا 3 ملیۆن لیتر بەنزین بخرێتە بازاڕەوە. بۆ هەر لیترێكی بەنزین 1200 دینار لەسەر حكومەت دەكەوێت و 400 دینار پاڵپشتی دەكرێت بۆ ئەوەی نرخەكەی بۆ 800 دینار دابەزێت.بەمەش بۆ 3 ملیۆن لیتر بەنزین رۆژانە ملیارێك و 200 ملیۆن دینار پاڵپشتی حكومەتە بۆ نرخی بەنزین.
سەبارەت بەدۆخی كارەباش كە لەگەڵ هاتنی شەپۆلی گەرماو هەڵكشانی نرخ خواستی بەكارهێنانی كارەبا زیاد بووە كەمال محمد ساڵح وەزیری كارەبا وتی: شەپۆلی گەرماو هەڵكشانی خواست قورساییەكی گەورەی خستۆتە سەر وەزارەتی كارەبا و لە هەوڵەكانمان بەردەوامین بۆ زیادكردنی بەرهەمهێنان، بۆ ەم مەبەستەش چەند وێستگەیەكی نوێی كارەبا لەم ماوەیەدا لەهەرێمی كوردستان دەستبەكار دەبێت.
ھەواڵی ڕابردوو
ھەواڵی زیاتر