پەرلەمانتارێکی یەکێتی: ئەگەر پەکەکە لە گەرمیان نەبێ سوپای تورکیا بۆردومانی ناکا

پەلەمانتارێکی یەکێتی ڕاگەیاند، ئەگەر پەکەکە لە ناوچەی گەرمیان چالاکیی سیاسی نەكات، سوپای تورکیا گەرمیان بۆردومان ناکات. گوتیشی: ”ئەگەر پەکەکە خەباتی خۆی نەگوازێتەوە، چەکی درۆن چەکێکی مۆدێرنی پیشکەوتووە و ناتوانن خۆیانی لێ بشارنەوە.“

عوسمان کەریم، پەرلەمانتاری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند، پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) چالاکییە سەربازی و سیاسییەکانی خۆی لە ھەرێمی کوردستان، لە دژی سوپای تورکیا چڕ کردووەتەوە، بێگومان ئەگەر پەکەکە لە ناوچەی گەرمیان نەبێت، سوپای تورکیا گەرمیان بۆردومان ناکات، بۆیە پەکەکە بیانووی داوەتە دەستی سوپای تورکیا، بۆ ئەوەی ھەرێمی کوردستان بۆردومان بکات.

گوتیشی: ”ھەرچەندە دوێنی ئۆتۆمبێلێکی پەکەکە لە ڕێگەی درۆنی سوپای تورکیاوە لە ناوچەی گەرمیان کرایە ئامانج، ئێمە ئەوەمان پێ ناخۆشە و ئیدانەی دەکەین، بەڵام چەکی درۆن جۆرە چەکێکی پیشکەوتووی مۆدێرنە بۆ لەناوبردنی مرۆڤ، بۆیە ئەگەر پەکەکە چالاکییەکانی خۆی نەگوازێتەوە بۆ سنووری کوردستانی تورکیا، ناتوانێت خۆی لە درۆنی سوپای تورکیا بشارێتەوە.“

عوسمان کەریم، ئاماژەی بەوەش کرد: ”ھەرێمی کوردستان ناوچەیەکی ئارام و سەقامگیرە، ئەگەر پەکەکە ئەم ناوچەیە بکات بە مەیدانی تەراتێنی خۆی، ئەوا ڕووبەڕووی مەترسیی گەورە دەبینەوە، پاشان ئێمە بە خوێنی ھەزاران شەھید ئەم بەشەی کوردستانمان ئازاد کردووە و دەبێ پەکەکە کار و چالاکیی خۆی بگوازێتەوە بۆ وڵاتی خۆی، ئێمە کاتی خۆی ئەو ھەموو خەبات و تێکۆشانەمان دژی ڕژێمی بەعس کردووە، لەناو خاکی خۆمان کردوومانە، ھێزی پێشمەرگەی کوردستان لەناو گرد و دۆڵ و شاخەکانی کوردستان شەھید بوونە، بۆیە کاتی ئەوە ھاتووە، پەکەکە بچێتەوە مەیدانی خۆی و هەرێمی كوردستان جێ بهێڵێت.“

باس نیوز

ھەواڵی زیاتر