ئەمڕۆ هەینی 17ـی حوزەیرانی 2022 شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتی د.ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران سەردانی وڵاتی تورکیایان کرد .
لە میانەی سەردانەکەیان شاندەکە لەگەڵ هەریەکە لە وەزیری بازرگانی تورکیا و بەرپرسانی گواستنەوە و گەیاندن و هەروەها بواری بیناسازی کۆبوویەوە، هەروەها له بەرنامەی سەردانەکەیاندا لەگەڵ وەزیری ناوخۆ ی تورکیا و بەڕێوەبەری گومرگەکانیش کۆدەبنەوە .
ئامانج لە سەردانەکەیان تاوتوێ کردنی چەند پرسێکی گرنگە لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەم وڵاتە لەوانە، کردنەوەی دەروازەی سنووری مێرگەسۆر لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە نێوان وڵاتی تورکیا و هەرێمی کوردستان و هەروەها فراوانکردنی دەروازەی سنووری سەرزێڕی لە نێوان هەردوولا کە کاریگەری بەهێزیان دەبێت لەسەر فراوانکردنی چالاکی بازرگانی لەنێوان وڵاتی تورکیاو هەرێمی کوردستان .
هەروەها چارەسەرکردنی چەند گیروگرفتێک لە دەروازەی سنووری ئیبراهیم خەلیل پەیوەست بە نەهێشتنی قەرەباڵغی و جەنجاڵی گەشتیاران لە دیوی وڵاتی تورکیا کە گلەیی و گازاندەی گەشتیاران و هاوڵاتیانی بەدوای خۆیدا هێناوە لەکاتی سەردانی کردنیان بۆ وڵاتی تورکیا .
شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێکهاتوون لە د.ئومێد سەباح سەرۆکی شاندەکەو ئانۆ جەوهەر، وەزیری گواستنەوەو گەیاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان و د.محەمە شوکری سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان و د.سامی جەلال ڕاوێژکاری وەزارەتی ناوخۆ و گوهدار شێخۆ، سەرپەرشتی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ .