پارێزەری چالاکوانی سۆشیالمیدیا (سۆنیا بێتووشی) رایگەیاند، ئەو بەهۆی بازرگانیکردن یان بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەرەوە لە لایەن ئاسایشەوە دەستگیرنەکراوە و لەرێگەی رووداوەوە چەند زانیارییەکی نوێ لەبارەی کەیسەکەیەوە دەخاتەڕوو.
رۆژی پێنجشەممە، 16-6-2022، زانا نەبەز، پارێزەری سۆنیا بێتووشی، ئەو کچە چالاکوانەی سۆشیاڵمیدیا کە هونەرمەند و مۆدێلیشە، لەبارەی کەیسەکەیەوە چەند نهێنییەکی نوێ ئاشکرا دەکات و دەڵێت: “سۆنیا بێتووشی ماوەی حەوت رۆژە لە لایەن ئاسایشی گشتییەوە راگیراوە، بەدڵنییایەوە سۆنیا بەهۆی بازرگانیکردن یان بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەرەوە دەستگیرنەکراوە، بەڵکو بەهۆی کێشەیەکی دیکەوەیە کە زۆر جیاوازە لەو بابەتە، بۆیە داواکارم سۆشیاڵمیدیا و راگەیاندنەکان دووربکەونەوە لە بڵاوکردنەوەی هەواڵی چەواشەکاری.”
پارێزەری سۆنیا گوتیشی: “سۆنیا بێتووشی لە لایەن دەزگای مافی گشتییەوە راپێچی دادگە کراوە و هیچ سکاڵایەکی لەسەر تۆمارنەکراوە، بەڵام بە دڵنیاییەوە کەیسەکەی بەهۆی ماددەی هۆشبەرەوە نییە.”
سەبارەت بە بڵابوونەوەی دانپێدانانی کەسێک گوایە دەگوترێت دانپێدانانی سۆنیا بێتووشی بێت، زانا نەبەز گوتی: “بە هیچ شێوەیەک ئەو کەسەی ڤیدیۆکەی لە سۆشیاڵمیدیا بڵاوبوونەتەوە هی سۆنیا نییە.”
لەبارەی قۆناخەکانی لێکۆڵینەوەشەوە پارێزەرەکەی زانیاریی زیاتری بە رووداو دا و کاتی بردنە بەردەم دادگەشی ئاشکرادەکات و دەڵێت: “دۆسیەکە ئێستا لە قۆناخەکانی لێکۆڵینەوەدایە و هەفتەی داهاتوو بەدڵنیاییەوە سۆنیا دەبرێتە بەردەم دادگە کێشەکە یەکلایی دەکرێتەوە، ئەو کات هەموو شتێک بۆ رای گشتیی ئاشکرادەکەین.”
زانا نەبەز کە لەلایەن کەسوکاری سۆنیا بێتووشییەوە بە پارێزەری کەیسەکەی دیاریکراوە و، گوتی: “من داواکارییەکم پێشکێشی دادوەری ئاسایش کردووە بۆ ئەوەی ببمە پارێزەری سۆنیا، بەڵام بەهۆی ئەوەی دادوەر لێرە نییە و لە دەرەوەی وڵاتە، چاوەڕوانین بێتەوە و دەست بە کارەکانم بکەم، چونکە هێشتا ئێمە و کەسوکاری سۆنیاش مافی بینینی ئەومان نییە کە لە چاکسازی ئافرەتانی هەولێر راگیراوە.”
سۆنیا بێتووشی، لە ساڵی 1991 لە شاری مهاباد لە رۆژهەڵاتی کوردستان لەدایکبووە، دواتر لەگەڵ خێزانەکەیدا چوونەتە تارانی پایتەختی ئێران و لەوێ ژیاوە، کۆلێژی ئەندازەی کۆمپیوتەری لە زانکۆی ئازادی تەواوکردووە، لە ساڵی 2016 بە شاجوانی ئێران هەڵبژێردراوە، ماوەیەک کاری فاشیۆن و دیزاینەری لە جلوبەرگی کردووە، چەند ساڵێکە هاتووەتە هەرێمی کوردستان و لە شاری هەولێر دەژی، ماوەیەک کاری پێشکێشکاری لە کەناڵێکی ئاسمانی لە هەولێر کردووە و دواتر لە ساڵی 2021 یەکەم کلیپی گۆرانیی خۆی بڵاوکردەوە.
ژێدەر
رووداو