وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار رایگەیاند، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە (15/6/2022) جارێكی دیكە ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، لەگەڵ نوێنەرانی خاوەنزەوییەكانی كەرتی هەشتی حەسارۆک كۆبووەوە و لە نزیكەوە وردەكاریی ئەو كارانەی پێ ڕاگەیاندن كە پێش مانگێک بۆیانی خستبووە ڕوو، ئەمەش لە چوارچێوەی بەڵێنەكانی ڕێزدار سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە گەیاندنی هەموو خزمەتگوزارییەكان بەو گەڕەكە.
لە دانیشتنەكەدا بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ، سەرۆک و جێگری سەرۆكی شارەوانیی هەولێر ئامادە بوون و تێیدا بە نوێنەری خاوەنزەوییەكانی هەشتی حەسارۆک ڕاگەیەندرا، لە هەفتەی داهاتووەوە دەست بە لێدانی بیر دەكرێت و لە سەرەتاشدا سێ بیر پێكەوە لێ دەدرێن. هەروەها لە ماوەی دوو هەفتەدا سەرەبلۆكی تەواوی گەڕەكی هەشتی حەسارۆک دادەنرێت.
هەروەها وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار پێی ڕاگەیاندن، لە سەرەتای مانگی داهاتووەوە هەموو خاوەنزەوییەک دەتوانێت خانوو دروست بكات، ئەوانەش كە سەرەبلۆكیان داناوە و فایلیان تەواو بووە، ئێستا دەتوانن سەردانی شارەوانیی چوار بكەن بە مەبەستی مۆڵەتی ڕێگەپێدانی دروستكردنی خانوو.
هەر لە كۆبوونەوەكەشدا باس لەو زەوییە بازرگانیانە كرا كە حكوومەت بۆ خزمەتگوزارییەكانی هەشتی حەسارۆک فرۆشتوونی و لە ماوەی داهاتوودا دەخرێنە ژمارەیەكی بانكیی تایبەت بەو گەڕەكە و ڕاستەوخۆ دەست بە پرۆژەكانی دیكە دەكرێت.
ڕاگەیاندنی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار